گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بۆ کوردستان24: پشتیوانی لە گفتوگۆی لایەنەکان لە عێراق دەکەین

K24 – نیویۆرک:

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتیوانی لە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان دەکات لە عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پشتیوانی دەوحەشی بۆ پاراستنی سەرەوەری عێراق و خۆشگوزەرانی خەڵکەکەی دووپاتکردەوە.

رۆژی سێشەممە (19ـی ئەیلوولی 2023) ماجید ئەنساری، گوتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە نیویۆرکه‌وه‌ بە کوردستان24ـی راگەیاند، قەتەر هەمیشە پاڵپشتی لە گفتوگۆی نێوان لایەنەکان دەکات لە عێراق و پێشوازی لە هەر هەوڵێک دەکات بۆ پاراستنی سەروەری و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی عێراق.

ماجید ئەنساری ئاماژەی بەوەشدا، "بە دڵنیاییەوە کۆبوونەوەی ئاستبەرزی ئەم هەفتەیە لە نیویۆرک دەبێتە ساتێک بۆ ئەوەی جیهان یەکگرتوو بێت و بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاو بنێت و بە راشکاوانە گفتوگۆ بکەن".

ئەنساری گوتیشی، "ئێمە ئەمڕۆ لە گوتاری بەشداربووانی کۆمەڵەی گشتیی بینیمان کە چەند قورسە چارەسەرێک بۆ کێشە هەنووکەییەکانی جیهان بدۆزینەوە. بەشێک لە ئامادەبووان باسیان لە تەکنەلۆجیا و ژیری دەستکرد کرد، بەشێک باسیان لە ئاسایش و وزە و خۆراک کرد".

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لەبارەی گوتاری میری قەتەرەوە رایگەیاند، "میری قەتەر لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە گرنگی دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیانەدا بۆ زۆربەی کێشەکانی جیهان. بۆ نموونە وەک کێشەی سووریا، فەڵەستین، لوبنان، یەمەن، ئەفغانستان و جەنگی ئۆکرانیا. لەبەرامبەر ئەم کێشانەدا پێویستە جیهان یەکگرتوو بێت و پێکەوە دابنیشن و گفتوگۆ بکەن، هیواش دەخوازین گوتە و بەڵێنەکان ببنە کردار و کێشەکان چارەسەر بکرێن".

لەبارەی دۆخی عێراقەوە، ماجید ئەنساری جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، "ئێمە هەمیشە هاوکاری براکانمان بووین لە عێراق و پاڵپشتیمان لە گفتوگۆ کردووە لەنێوان لایەنەکاندا. بەڕێز میری قەتەر لە گوتارەکەی ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هەمیشە گفتوگۆ جێگەی ململانێ و رووبەڕووبوونەوە بگرێتەوە، ئێمە لە عێراق پەیوەندییەکی قوڵمان لەگەڵ براکانمان لەو وڵاتە هەیە و پاڵپشتی لە سەروەری، یەکگرتوویی و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانیان دەکەین و هەر هەوڵێک بەو ئاڕاستەیە بێت قەتەر پێشوازی لێدەکات".