نەرمین مەعروف: هیچ رێگرییەکی یاسایی بۆ ناردنی 700 ملیارەکە نییە

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ناڕەزایەتییەکان کاریگەریان لەسەر ناردنی 700 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نابێت، هاوکات گوتیشی: هیچ رێگرییەکی یاسای بۆ ناردنی 700 ملیارەکە نییە.

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری ئەو سێ بانکە بوو کە راسپێدرابوون لەلایان حکومەتی فیدڕاڵ بۆ ناردنی سێ گووژمە پارەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە ماوەی یەک دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق و ناڕەزایەتییان دەربڕی لەبەرامبەر پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان و هەندێک لەوانە داوای ئەوە دەکەن ئەوانیش قەرز وەربگرن بۆ پارێزگاکانی خۆیان.

هاوکات راشیگەیاند، هیچ رێگرییەکی یاسای بۆ ناردنی 700 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نییە، چونکە دواجار ئەمە قەرزە دەبێت بدرێتەوە لە پشکی هەرێمی کوردستان، هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە، قەرزەکە یان لە پشکی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان دەگێڕدرێتەوە یانیش لە پشکی ساڵی 2024ـی هەرێمی کوردستان دەگێڕدرێتەوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئەگەر ئەو قەرزەی بە هەرێمی کوردستان دەدرێت سوودی بچێتەسەر، دەبێت حکومەتی فیدڕاڵی بیدات.

نەرمین مەعروف، ئاماژەی بەوەدا، بڕیاری ناردنی قەرزەکە بۆ هەرێمی کوردستان لەلایان حکومەتی فیدڕاڵییەوە دەرچووە و ناڕەزایەتی ئەندامانی لیژنەی دارایی و هەندێک لە پەرلەمانتارانی عێراق کاریگەرییان لەسەر ناردنی 700 ملیارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نابێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (20ـی ئەیلوولی 2023)، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، بڕیاربوو کاتژمێر 2:00 کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو بانکانە دەستپێبکات کە پارەکەی هەرێم دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان، بەڵام وا دیارە تاوەکو ئێستا هەموو ئەندامەکانی لیژنەی دارایی نەهاتوون.

پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاربوو کۆبوونەوەکە لە نێوان لیژنەی دارایی و ئەو بانکانە بێت کە پارە دەنێرنە هەرێمی کوردستان وەکو( تی بی ئای، رەشید و رافیدەین)، کۆبوونەوەکەش لەپێناو ئەوەیە تاوەکو بزانن بەچ شێواز و میکانیزمێک ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

باسی لەوەشکرد، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمڕۆ دەردەکەوێت کەی ئەو پارەیە دەگاتە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە لەرۆژی یەکشەممەوە بڕیار دراوە بۆ ماوەی سێ مانگ بڕی 2 تریلیۆنو 100 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق تا ئێستا بڕیاری خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەی نەداوە.

پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی: بەشێک لە ئەندامانی لێژنەی دارایی باسیان لەوەکردووە، خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە تەنها لە دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی نییە، بەڵکو هەندێک رێکار و هەندێک لایەنی دیکە هەیە لەوانە، ئەو بانکانەی کە پارەکە دەخرێتە سەر هەژمارەکانیان تاوەکو هەرێمی کوردستان پارەکە رابکێشێت، دەبێت رەزامەندییان وەربگیرێت.

پەیامنێری کوردستان24 دەڵێت: هەندێک لەپەرلەمانتاران بەتایبەت سەربەخۆکان دەڵێن ئێمە دژی ناردنی ئەو بڕە پارەیەین، کە لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەردراوە.