ساموێل واڵبێرگ: کاری لەپێشینەمان راگرتنی جەنگی ئۆکرانیایە
K24 – هەولێر:
گوتەبێژی هەرێمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایدەگەیەنێت، رووسیا پرسی هەناردەکردنی دانەوێڵە وەک چەک بەکاردێنێت، هاوکات دەڵێت: کاری لەپێشینەمان راگرتنی جەنگی ئۆکرانیایە.
ساموێل واڵبێرگ، گوتەبێژی هەرێمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە میانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24، رایگەیاند، راگرتنی جەنگی رووسیا بەرامبەر بە ئۆکرانیا کاری لە پێشینەی ئێمەیە، هەروەها ئێمە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەمانەوێت ئەمساڵ ئەو جەنگە کۆتایی پێ بهێنرێت.
هاوکات راشیگەیاند، بەهۆی ئەم جەنگەوە کە رووسیا هەڵیگیرساندووە خەڵکی ئۆکرانیا دووچاری بارودۆخێکی خراپ بوونە، قەیرانی کەمی خواردن بەرۆکی هاووڵاتییانی ئۆکرانیای گرتووە، ئێمە لە ئێستادا لە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێکین بۆ ئەم کێشەیە، بە تایبەت چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەی دانەوێلە لە رێی دەریای رەشەوە، هەروەها رووسیا ئەم دانەوێڵەیە وەک چەک بەکاردەهێنیت و بۆیە هەمیشە هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین گفتوگۆ بکەین لەنێوان هەردوولا سەبارت بەو جەنگە.
لە (17ـی تەمموزی 2023) رووسیا کشانەوەی خۆی لە رێککەوتننامەی هەناردەکردنی دانەوێڵەی دەریای رەش راگەیاند، دوای ئەوەی چەندین جار هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی کرد ئەگەر هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە رێککەوتنەکەدا چارەسەر نەکرێن.
گوتەبێژی هەرێمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاش هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە کۆتایی پێ بهێنن، ئێمە لە هەموو کۆنفرانسەکاندا ئاماژەمان پێکردووە.
ساموێل واڵبێرگ، دەڵێت: ئێمە جەخت لەزۆر دۆسییەی دیکە دەکەینەوە، لەوانەش پاراستنی سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
له 24ـی شوباتی 2022، به فهرمانی ڤلادیمێر پوتنی سهرۆكی رووسیا هێرشكرایهسهر خاكی ئۆكرانیا و بههۆیهوه ههزاران كهس له سهربازان و هاووڵاتیان كوژراون و ملیۆنهها ئۆكرانیش ئاوارهی وڵاتانی ئهوروپی بوون، تا ئێستاش ئهو جهنگه بهردهوامه.
لە سەرەتای ئەو شەڕەدا رووسیا و ئۆکرانیا بەردەوام ئاماری جەنگەکە بڵاودەکەنەوە و ژمارەکانی هەردوو لاش جیاوازییەکی بەرچاویان هەیە.