دوو تۆمەتبار لە سلێمانی بە پاساوی هێنانی بەنزینی هەرزان فێڵ لە خەڵکی دەکەن
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند، کە بەناوی هێنانی بەنزین و گاز بەنرخی هەرزانتر فێڵیان لە چەند هاووڵاتییەک کردووە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی، لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی چوارچرا و بە هاوکاری بنکەی پۆلیسی عەربەت، دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە بەناوی هێنانی بەنزین و گازەوە فێڵیان لە چەند هاووڵاتییەک كردبوو.
ئاماژە بەوەشدراوە، هێزەکانی پۆلیسی لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک کە پاساوی هێنانی بەنزین و گاز بەنرخی هەرزانتر فێڵی لێكراوەو پارەی بردراوە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون کردووە و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و لەلایەن بنكەی پۆلیسی چوارچرا و بەهاوکاری بنکەی پۆلیسی عەربەت دەستگیربكرێن.
پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشیکرد، لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە كە تۆمەتباران فێڵیان لە چەند هاووڵاتییەكی دیکەش كردووە.
ئێستا تۆمەتباران (ر، ر، ك) لەدایكبووی 1985 و (ه، ع، س) لەدایكبووی 1986 بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت: لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.