پۆڵەندا چیدیکە چەک بۆ ئۆکرانیا دابین ناکات

.
.

K24 - هەولێر

رۆژنامەیەکی بەریتانی رایگەیاند، پەیوەندی نێوان پۆڵەندا و ئۆکرانیا لە نزمترین ئاستدایە لەگەڵ پەرەسەندنی ناکۆکی دیپلۆماسی نێوان هەردوولا لەسەر دانەوێڵە، ئەمەش وایکردووە وارشۆ ناردنی پڕچەککردنی ئۆکرانیا رابگرێت و سەرنجی لەسەر بەهێزکردنی هێزی بەرگری خۆی بێت.

رۆژنامەی "زە ​​تایمز"ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، پۆڵەندا راگرتنی پڕچەککردنی ئۆکرانیای راگەیاندووە، ئەمەش پرسیاری لەبارەی بەردەوامی پاڵپشتیەکانی رۆژئاوا بۆ کیێڤ ورووژاندووە.

رۆژنامەکە بڵاویکردەوە، پۆڵەندا هاوپەیمانێکی سەرەکی ئۆکرانیا بووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی رووسیا، کە لە مانگی شوباتی ساڵی رابردووەوە دەستیپێکردووە، هەروەها یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی دابینکردنی چەک بۆ کیێڤ، هاوکات میوانداری یەک ملیۆن پەنابەری ئۆکرانیش دەکات، کە حکومەتی پۆڵەندا بەهەموو جۆرێک هاوکارییان دەکات.

زە تایمز ئاشکراشی کردووە، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر پرسی دانەوێڵە ئاڵۆزی تێکەوتووە، هەروەها هۆکاری دابەزینی پشتیوانییەکانی پۆڵەندا بۆ ئۆکرانیا بۆ گوشارەکانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی دەگەڕێتەوە.

بڕیارە لە 15ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی یاسادانان لە پۆڵەندا دەستپێبکات، حکومەتیش هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە جگە لە پابەندبوون بە پاراستنی مافی جووتیاران نەبێت، بۆ ئەوەی پشتیوانیان لەو هەڵبژاردنانەدا بەدەستبهێنێت.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، پۆڵەندا زیاتر لە 300 تانکی سەردەمی سۆڤیەت و 14 فڕۆکەی جەنگی میگ-29 و 100 زرێپۆشی هەڵگری سەربازی رەوانەی ئۆکرانیا کردووە.

هەروەها نزیکەی 14 تانکی لیۆپارد 2ـی دروستکراوی ئەڵمانی و تۆپ و مووشەکی ئاسمانی و دەیان هێلیکۆپتەر و چەکی دیکەی بۆ کیێڤ دابینکردووە.

لای خۆیەوە، پیۆتەر مۆلەر، گوتەبێژی حکومەتی پۆڵەندا دووپاتیکردەوە کە پەیوەندییەک لە نێوان وەستاندنی گواستنەوەی چەک بۆ کیێڤ و کێشەی دانەوێڵە هەیە، ئاماژەی بە زنجیرەیەک لێدوان و ئاماژەی دیپلۆماسی ئۆکرانیا کرد و بە قبوڵنەکراو وەسفی کرد.

زێلێنسکی رۆژی چوارشەممەی رابردوو سیاسەتمەدارانی پۆڵەندی توڕە کرد کاتێک لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتی: "هەندێک لە ئەوروپییەکان فیلمێکی ترسناک لەسەر دانەوێڵە دروستدەکەن، هەروەها یارمەتیدەرن بۆ رێگا خۆشکردن بۆ مۆسکۆی ئەکتەر".

بەرهەمی کشتوکاڵی ئۆکرانیا 12%ی هەناردەی ئۆکرانیا پێکدەهێنێت. دوای ئەوەی رووسیا رێگری لە بازرگانییەکانی دەریای رەش کرد، کیێڤ زیاتر پشتی بە رێگا وشکانییەکان لە رێگەی یەکێتی ئەوروپاوە بەستووە، ئەمەش رێگەی پێدا بتوانێت بگاتە بازاڕەکانی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.