پارتە یەهودییەکان هەڕەشە لە ناتانیاهۆ دەکەن
K24 - هەولێر
هاوپەیمانانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختیان لەوە کردەوە کە پشتیوانی لە سازشەکانی ئیسرائیل ناکەن کە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک رێککەوتنی ئاساییکردنەوە لەگەڵ سعوودیە سەیر دەکرێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، ئیتمار غەفیر، وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل و سەرۆکی پارتی راستڕەوی توندڕەوی ئۆتزما یەهودی (گەورەیی جوولەکەکان) رایگەیاند، پارتەکەی و پارتێکی تری راستڕەوی توندڕەو لە هاوپەیمانی حکومەت دەکشێنەوە، ئەگەر ئەو جۆرە رێککەوتنانە بکرێن.
گوتیشی: "ئەگەر سازش بۆ فەلەستینییەکان هەبێت، ئێمە لە حکومەتدا نامێنینەوە، نەک تەنها ئێمە، بەڵکو پارتی زایۆنیستی ئایینیش".
وەزیرەکەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکرد، ناتانیاهۆ تەنها دەتوانێت ئەم گرێبەستە لەگەڵ سەرۆکی پارتی یەکێتی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆن بێنی گانتز بکات، کە رەتیکردەوە پەیوەندی بە حکومەتی ناتانیاهۆوە بکات بۆ رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی لەگەڵ سعوودیە.
لێدوانەکانی ئیتمار دوای وتارەکەی ناتانیاهۆ هات لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تیایدا جەختی لەوە کردەوە، کە ئیسرائیل لەبەرامبەر پێشکەوتنێکی دراماتیکدایە، لە شێوەی ئاشتی لەگەڵ سعوودیە.
پارتەکانی "ئۆتزما یەهودی" و "زایۆنیزمی ئایینی" پێکەوە 14 کورسی لە کنێستیان بەدەستەوەیە و بەبێ ئەوان هاوپەیمانی ناتانیاهۆ زۆرینەی خۆی لەدەست دەدا.
بن غەفیر دەشڵێت: پارتی ئۆتزما یەهودات پشتگیری لە ئاساییکردنەوە دەکات، لەم ڕووەوە ناتانیاهۆ پشتیوانی تەواوی ئێمەی هەیە، بەڵام ئێمە هیچ سازشێک بۆ فەلەستینییەکان قبوڵ ناکەین، منیش بە سەرۆکوەزیرانی ناتانیاهۆم گوت، کە ئێمە نەخاتە گۆشەیەکەوە.
لای خۆیەوە، بێزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، سەرکردەی زایۆنیزمی ئایینی گوتی: "پێکەوە بە یارمەتی خودا، بە ئاشتی دەگەین، ئێمە بەردەوام دەبین لە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل و نیشتەجێبوون لە هەموو ناوچەکانی و گەشەپێدان لەگەڵ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان".
ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە دانی دانۆن، ئەندامی پارتی لیکود پارتی کنێست، نوێنەری پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاکە پەرلەمانتاری هاوپەیمانییەکە کە ئامادەیە دان بەوەدا بنێت کە ڕێککەوتن لەگەڵ سعوودیە پێویستی بە ئاماژەی ئیسرائیل دەبێت بەرامبەر بە فەڵەستینییەکان.
گوتیشی: "نابێت پرسی سعوودیە مەرجدار بێت لەسەر پرسی فەلەستین".