کیم جۆنگ ئون بەڵێنیدا پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ چین پتەوتر بکات

K24- هەولێر
ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکوور لە نامەیەکدا بەڵێنی پتەوکردنی پەیوەندییە هاوکارییەکانی لەگەڵ چین بە سەرۆکی ئەو وڵاتە شی جینپینگ داوە.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور رایگەیاند، ئەو پەیامە لە وەڵامی ئەو پیرۆزباییەدا هات کە شی بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆریای باکوور لەم مانگەدا ناردبووی، لە کاتێکدا سەرۆکی چین ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و هاوکارییە ستراتیژییەکان لەسەر ئاستی گروپی کار.
کیم لە نامەکەدا گوتی: "باوەڕم وایە کە پەیوەندی دۆستانە و هاوکاری نێوان کۆماری گەلی دیموکراتی کۆریای باکوور و چین بە شێوەیەکی بەردەوام گەشە دەکات، هاوتەریب لەگەڵ پێداویستییەکانی سەردەمی نوێ و خواستی ئەو دوو گەلە بۆ داهاتوو".
لە مانگی تەمموزی رابردوودا، کیم بەڵێنی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین و گەیشتن بە "ئاسۆیەکی نوێ" دا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی چینی کە سەردانی پیۆنگیانگیان کردبوو بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگی کۆتایی هاتنی جەنگی کۆریا.
چین یەکێکە لە هاوپەیمانە گرنگەکانی کۆریای باکوور و دیارترین لایەنگری ئابووری ئەو وڵاتەیە و پەیوەندی نێوانیان لەکاتی جەنگی کۆریادا لە ساڵی 1950دا پتەوتر بوو.
کۆریای باکوور لە ساڵی 2020 لەگەڵ سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا خۆی لە جیهان دابڕاند، بەڵام دوای سێ ساڵ پیۆنگیانگ نەرمی زیاتر نیشان دەدات سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان.