وەزیرانی دەرەوەی عێراق و میسر و ئوردن كاراكردنی ھاوكارییە سێقۆڵییەکانیان تاوتوێ دەكەن

K24 - هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی میسر، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، سامح شوكری، وەزیری دەرەوەی میسر، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە نیویۆرك لەگەڵ ھاوتا عێراقی و ئوردنییەکەی پێشھاتە ناوچەییەکانیان تاوتوێ کردووە.

ئاماژە بەوەشدراوە، سامح شوكری، لەگەڵ ھەریەک لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەیمەن سەفدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، کۆبوویەوە و باسیان لە ڕێگاکانی کاراکردنی هاوکاری نێوانیان کرد بەتایبەت لە بوارەكانی ئابوری، سیاسی و ئەمنی.

هەرەوەها لە دیدارەکەیاندا، بەدواداچوون بۆ ئەنجامی دوایین لوتکەی سێ قۆڵی نێوانیان كرا کە لە حوزەیرانی 2021 لە بەغدا بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا فوئاد حوسێن، ئەیمەن سەفدی و سامح شوکری رێککەوتن لەسەر گرنگی تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی پێشنیارکراون لەنێوانیاندا، کە دەستپێشخەریکردن بۆ خستنەڕووی بیرۆکە و پڕۆژەی نوێ لە بوارەکانی کارەبا و وزەی نوێبووەوە، پەیوەندییەکان، بازرگانی، پیشەسازی، گواستنەوە، تەندروستی، پیشەسازییەکانی دەرمان، خانووبەرە و بیناسازی، هەروەها بوارەکانی پەیوەست بە رۆشنبیری، گەشتیاری، گەنجان و وەرزش، هەروەها بوارەکانی هاوکاری ئەمنی و بەرگری.

وەزیرەکان هەروەها باسیان لە دۆخی ناوچەکە کرد و جەختیان لە گرنگی گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری کرد و دەستیان خستە سەر زۆر پرس، دیارترینیان پرسی فەڵەستین بەو پێیەی پرسێکی ناوەندییە، لە چوارچێوەی گرنگی گەڕاندنەوەی مافە بێبەشنەکراوەکانی فەڵەستین.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیرانی عێراق، میسر و ئوردن دۆخی سووریایان تاوتوێ کرد و باسیان لەو هەوڵانە کرد کە ئامانج لێیان دۆزینەوەی چارەسەرێکە بۆ قەیرانی سووریا.