رووسیا: رۆژئاوا شەڕی راستەوخۆ لە دژی ئێمە دەکات
K24 - هەولێر
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، وڵاتانی رۆژئاوای بەوە تۆمەتبارکرد کە شەڕی راستەوخۆ دژی رووسیا لە ئۆکرانیا دەکەن.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، لاڤرۆڤ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا رایگەیاندووە: "ئێوە هەرچیتان بوێت، دەتوانن ناوی لێبنێن، بەڵام ئەوان شەڕ لەگەڵ ئێمە دەکەن، رۆژئاوا راستەوخۆ شەڕمان لەگەڵ دەکەن، ئێمە پێی دەڵێین شەڕی تێکەڵاو، بەڵام ئەوە راستییەکەیە ناگۆڕێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، یارمەتی دارایی و چەک و بەکرێگیراوان لە وڵاتانی رۆژئاواوە دێن.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، پرسیار لە لاڤرۆڤ کرا سەبارەت بە تێوەگلانی ئەمەریکا لە ململانێکانی ئۆکرانیا و ئەویش لەوەڵامدا گوتی: "ئەوان بە بەکارهێنانی تەرمی ئۆکراینیەکان بە دیفاکتۆ دژی ئێمە دەجەنگن".
ئاماژەی بەوەشکرد: پێموایە هەموو کەسێک لێرە کە گرنگی بە دۆخی ئۆکرانیا دەدات زۆر باش دەزانێت کە ئەمەریکییەکان و ئینگلیزەکان و ئەوانی دیکە یەکەمجار بە دابینکردنی چەکی زیاتر شەڕ دەکەن.
هەر لەکۆبوونەوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەشداریی کرد و داوای پشتیوانی زیاتری لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، دواتر سەرۆکی ئۆکرانیا، پێشنیاری کرد کە لوتکەی ئاشتی سازبکرێت بۆ تاوتوێکردنی پلانەکەی کە ئامانجی کۆتاییهێنانە بە شەڕەکە.
لاڤرۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم پێشنیارەی بەتەواوی کارناکات، جێبەجێکردنی مەحاڵە و ناڕاستەقینە.
سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی، لەبەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستدرێژی مۆسکۆی دژی وڵاتەکەی و بێ دەنگبوونی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەهۆی دەسەڵاتی ڤیتۆی رووسیا ئیدانە کرد.
لاڤرۆڤیش وەڵامی دایەوە کە ڤیتۆی رووسیا ئامرازێکی شەرعییە، کە بە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنەکە سپێردراوە.
لە مانگی شوباتی ساڵی 2022دا، رووسیا هێرشی کردەسەر ئۆکرانیا بەشێکی خاکەکەی داگیرکرد، لەبەرانبەردا رۆژئاوا بە دابین کردنی چەک هاوکاری ئۆکرانییەکان دەکات و تاوەکو ئێستاش شەڕەکە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ لایەنێك نەبووەتە براوەی جەنگەکە.