بایدن هێرش دەکاتە سەر کۆمارییەکان و بە توندڕەو ناویان دەهێنێت

جۆو بایدن
جۆو بایدن

K24 - هەولێر

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا هێرشی کردە سەر کۆمارییەکان و بە توندڕەو وەسفی کردن و گوتی: یاسادانەرانی پارتەکە دەبێت هەنگاوی خێرا بنێن بۆ رێگریکردن لە پەکخستنی حکومەت پێش وادەی 30ـی ئەیلوول.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، "ئەو رێککەوتنەی لە مانگی ئایاری رابردوودا لە نێوان سەرکردایەتی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس و ئیدارەکەیدا ئەنجامدرا، دەبووە هۆی دابینکردنی دارایی بۆ ئەولەویەتەکانی سەرەتایی نیشتمانی و ئاسایشی نیشتمانی. هەروەها ئەو رێککەوتنە کورتهێنانی بودجەی بە بڕی یەک تریلیۆن دۆلار لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا کەم دەکردەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا گروپێکی بچووکی کۆماری توندڕەو هەن کە نایانەوێت پابەندبن بە رێککەوتنەکەوە، سەرۆکی ئەمەریکاش روونیکردەوە، کە پەکخستنی حکومەت و کارەکان زیان بە سەلامەتی خۆراک و توێژینەوەکانی شێرپەنجە و بەرنامەکانی منداڵان دەگەیەنێت، دەشڵێت: دڵنیابوون لە بودجەی حکومەت یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی کۆنگرێس.

لە درێژەی قسەکانیدا بایدن جەختیلەوەکردەوە، کاتی ئەوە هاتووە کۆمارییەکان دەست بکەن بە ئەنجامدانی ئەو کارەی کە ئەمەریکا هەڵیبژاردووە، با ئەنجامی بدەین. گوتیشی: "خۆزگە دەمتوانی بڵێم مەترسی تەحەدای دیموکراسی بە سەرکەوتنمان لە ساڵی 2020ەوە کۆتایی هات، بەڵام رووی نەدا، دیموکراسیمان هێشتا لە مەترسیدایە نابێت خۆمان فریو بدەین".

جۆو بایدن خۆی کاندیدکردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکای ساڵی 2024، لە بەرانبەردا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی کۆمارییەکان ڤکابەرێکی سەرسەختی بایدنە.