ئاری هەرسین: ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان بەشێکی خەتای سیاسەتی یەکێتییە
K24 - هەولێر
ئاری هەرسین کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان بە گشتی و سلێمانی بەتایبەتی، بەشێکی خەتای سیاسەتی یەکێتییە.
لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، لەبارەی هەڕەشەکانی تورکیا لە بافڵ تاڵەبانی، ئاری هەرسین گوتی: "چەند هاوپەیمانیەتییەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن، بەردەوام لە شەڕی سارد دان، هەندێک جار شەڕەکە دەبێتە پێکدادان، لەنێویاندا تورکیا و ئێران، پەکەکە کە خۆی بە پارتێکی ئۆپۆزسیۆن دەزانێت لە تورکیا لە جیاتی ئەوەی بچێت کێشەکەی لەگەڵ حکومەتی تورکیا چارەسەر بکات، بە سەدان کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، حکومەتی تورکیاش دەڵێ لە هەر شوێنێک بن لێیان دەدەین، وەکچۆن کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەی کردووەتە مەرج بەسەر حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کە نابێ هێزی چەکداری لە هەرێمی کوردستانەوە هێرش بکەنە سەر ئێران، تورکیاش هەمان شت دەڵێت قسەکەیان زۆر جیاواز نییە".
گوتیشی: "کێشە ئەوەیە خەباتی چەکداری پەکەکە نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە سنووری تورکیا دوورە، مرۆڤ لەوە تێناگات، کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات و ناوچەیەکی زۆری داگیرکردووە و بە هی خۆی دەزانێت، جگە لەوەش سەرکردەکانی پەکەکە لێدوانی توند دژی هەرێمی کوردستان دەدەن، پەکەکە بەشێکە لە هاوپەیمانیەتییەکی گەورەتر کە حەشدی شەعبی و یەکێتیش لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییەتیەدان بە سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران".
سەبارەت بەوەی بۆچی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە دەکرێتە ئامانج، ئاری هەرسین، دەڵێت: "بەشێکی خەتای سیاسەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لەم چەند رۆژەدا جەمیل بایک راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، هێرشی توند دەکاتە سەر پارتی، بەڵام ئەوەی پێویستە خەڵکی کوردستان هەڵوەستەی لەسەر بکەن، جەمیل بایک باسی (هەرێمی سۆران) دەکات، ئێستا سەردەمی ئەمارەتەکانی سۆران و ئەردەلان و بابان و بادینان نییە، ئەوەی هەیە ئێستا یەک هەرێمی کوردستانە، جەمیل بایک بێ شاردنەوە باسی هەرێمی سلێمانی و سۆران دەکات، جیای دەکاتەوە لە سنوورەکانی دیکە کە مەبەستی ئەو دیو دێگەڵەیە، ئەمە مەترسییە بۆ سەر ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان، یەکێتی دەبێ لە خۆی بپرسێت، جەمیل بایک و برادەرەکانی بەرنامەی ئەوەیان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بێن لەگەڵ ئێمە بە هاوپەیمانی ئەو هەرێمە بەڕێوەببەن کە ئەوان پێی دەڵێن سۆران؟ هەرێمی کوردستان بکەن بە دوو بەش".
ئاری هەرسین، دەشڵێت: "ئەگەر پەکەکە مەبەستی بێت دەتوانێت لەناو خاکی تورکیا چالاکی بکات، هەندێک جار پێویستە هەڵوەستە لەسەر ئەو قسەیە بکەین، کە دەگوترێت: ئەوەندەی پەکەکە خزمەتی لایەنی رەگەزپەرستی تورکیا کردووە هیچ کەس نەیکردووە، مرۆڤ هەندێک جار دەکەوێتە گومان کە بەشێک لە پەکەکە ژێر بە ژێر پەیوەندییان لەگەڵ لایەنێک هەبێ لە تورکیا، بۆیە زیاتر وا بکەن هێرشەکان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بن".
لەبارەی ئەوەی بۆچی لەکاتی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق بێ هەڵوێستە؟ ئەو کادیرەی پێشکەوتووی پارتی، ئاماژەی بەوەکرد: "ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتویەتی "گومان دەکرێت ژێر بە ژێر شتی تر هەبێت". ئەوەی پێویستە ئێستا هەرێمی کوردستان بیکات پاراستنی یەکڕیزی ناو ماڵی خۆمانە، هەبوونی یەک ئەجندای نیشتمانی هاوبەش لەنێوانمان بەتایبەتی ئێمە و یەکێتی، هەندێک لەو بەڕێزانەی سیاسەتمەتدارن لە هەرێمی کوردستان خەون بە دەستووری عێراق دەبینن کە هەرگیز جێبەجێ ناکرێت، هەندێک جاریش خەون بە رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتییەوە دەبینن کە رەنگە هەرگیز روونەدات، بۆیە پێویستە پێشتر ئێمە و یەکێتی خۆمان ساغ کەینەوە، ئەگەر نەتوانین پێکەوە لەسەر یەک ئەجندای نیشتمانی هاوبەش پێکەوە ئیش بکەین لە چوارچێوەی متمانە بە یەکتر، دەبێ لەو راستیە تێبگەین کە بۆ لایەنێکی وەکو پەکەکە زۆر ئاسانە کە خۆی وەکو هاوپەیمانێک فەرز بکات لەو دەڤەرەی ئەو پێی دەڵێت (هەرێمی سۆران) رەنگە لە داهاتوودا ناوەکەشی بگۆڕێت بۆ کانتۆنی سۆران، بۆیە ئەو یەکڕیزییە کە پێویستە لەنێوان لایەنەکان هەبێت ئەگەر دوای بخەین سەد ساڵ زەرەر دەکەین".
ئەمە لەکاتێکدایە حکومەتی تورکیا هەڕەشە لە بافڵ تاڵەبانی دەکات، کە چیتر پشتگیری لە پەکەکە و یەپەگە نەکەن. یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا دەربارەی زیادبوونی هەماهەنگییەکانی پەکەکە لە سلێمانی، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی میللەتی تورکیا و دەڵێت: "بەردەوام هۆشداری بە بافڵ تاڵەبانی دەدەین واز لە پشتگیری کردنی پەکەکە بهێنێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو رێکخراوە بپچڕێنێت، ئەگەر نا رەوشی داهاتوو لە بەرژەوەندی سلێمانی نابێت".
ئەمەش دوای ئەوە دێت رۆژی دووشەممە (18ـی ئەیلوولی 2023)، لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی، سێ کارمەندی دژەتیرۆری یەکێتی گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون. وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش دەڵێت: "دژەتیرۆری یەکێتی لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە و یەپەگە لە فڕۆکەخانەکە مەشق و راهێنانیان کردووە".
دوای رووداوەکە (19ـی ئەیلوولی 2023)، لەبارەی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: "پەکەکە چالاکییەکانی بە درێژایی ناوچەکانی باکووری عێراق چڕکردووەتەوە و تورکیاش لە نزیکەوە چاودێری جووڵە و چالاکییەکانیان لەنێوان عێراق و سووریادا دەکات".
راشیگەیاند، بۆیان روونبووەتەوە، "گرووپی دژەتیرۆری سەر بە یەکێتی، لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە/یەپەگە مەشق و راهێنانیان کردووە، لەوکاتەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت ئەنجامدراوە".
پێشتریش حکومەتی تورکیا رایگەیاندبوو، لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە هاوکاری هێزەکانی پەکەکە و یەپەگە دەکرێت، بەوهۆیەشەوە رۆژی (3ـی نیسانی 2023)، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ ماوەی سێ مانگ راگرت و دواتریش ئەو بڕیارەی درێژکردەوە.