لە ترسی پاکتاوی رەگەزی؛ هەزاران ئەرمەنی هەرێمی قەرەباخیان بەجێهێشت

ئەرمەنییەکان بە ئۆتۆمبێلەکانیان هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ بەجێدەهێڵن - وێنە: رۆیتەرز
ئەرمەنییەکان بە ئۆتۆمبێلەکانیان هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ بەجێدەهێڵن - وێنە: رۆیتەرز

K24 -هەولێر:

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، هەزاران ئەرمەنی بە بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی تایبەت، هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخییان بەجێهێشت و بەرەو سنوورەکانی ئەرمینیا کۆچیانکرد.

رۆیتەرز باسی لەوەشکردووە، لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، نزیکەی هەزار و 100 هاووڵاتی ئەرمەن بەهۆی گرژی و پێکدادانەکانەوە هەرێمی قەرەباخیان بەجێهێشتووە و بەرەو قووڵایی خاکی ئەرمینیا رۆشتوون.

هاوکات بەشێک لە بەرپرسە ئەرمەنەکانی هەرێمی قەرەباخ بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ژمارەی ئەرمەنەکانی هەرێمەکە نزیکەی 120 هەزار کەسە، لەگەڵ زیادبوونی هەژموونی ئازەربایجان لە قەرەباخ ئەوانیش کۆچدەکەن چونکە ترسییان هەیە رووبەڕووی پاکتاوی رەگەزی ببنەوە لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە.

هاوکات نووسینگەی سەرۆک کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ لەگەڵ هاوتا ئازەرییەکەی، ئیلهام عەلیێڤ کۆدەبێتەوە.

هەفتەی رابردوو هێزەکانی ئازەربایجان لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا توانیان تەواوی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ کۆنترۆڵ بکەن، کە لەلایەن جوداخوازە ئەرمەنییەکانەوە بۆ ماوەیەی چەند دەیەیەک بەڕێوەدەبڕا.

دانیشتووانی قەرەباخ لە ئازەری و ئەرمەنی پێکهاتوون و لە نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە لەژێر دەسەڵاتی باکۆ نەما و لەوکاتەوە ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکردووە، تاوەکو لە جەنگی 2020، ئازەربایجان توانی دەستبەسەر رووبەرێکی فراوان لە ناوچەکەدا بگرێتەوە.

ماوەی چەندین مانگە ئازەربایجان گەمارۆی خستووەتە سەر رێگەی لاچین کە تاکە رێگەیە ئەرمینیا بە قەرەباغ دەبەستێتەوە بەڵام لە چەند رۆژ رابردوودا، بە مەبەستی هاوکاری مرۆیی بە ناوچەکە، باکۆ بڕیاریدا رێگەکە بەشێوەی کاتی بکرێتەوە و داخستنی ئەو رێگەیەشی بۆ رێگریکردن لە بەقاچاغبردنی چەک بۆ گرووپەکانی سەر بە ئەرمینیا گەڕاندەوە.

ئێستاش ئەرمینیا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات تیمێک بۆ چاودێریکردنی دۆخی ناگۆرنۆ قەرەباخ رەوانەی هەرێمەکە بکات.