بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی پڕۆژەی گەشانەوە راگەیەندرا
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ دووشەممە 25/9/2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانی حکومەت و بازرگانان، لە رێوڕەسمێکدا پڕۆژەی (گەشانەوە) راگەیەندرا.
لە سەرەتای رێوڕەسمی راگەیاندنی پڕۆژەکەدا میران دزەیی، بەرپرسی رێکخراوی تۆپ ماونتن گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا رایگەیاند، خۆشحاڵن کە دەرفەتی ئەوەیان هەبێت لە پرۆژەی گەشانەوەدا بەشداری بکەن.
بەرپرسی رێکخراوی تۆپ ماونتن گوتیشی: ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران لە راگەیاندنی ئەم پرۆژەیەدا نیشاندەری ئەوەیە، کە مەسرور بارزانی لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و بەهێزکردنی ئابووری ئەم هەرێمە.
بە گوتەی میران دزەیی، پرۆژەی گەشانەوە، دەستپێشخەرییەکە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و لەلایەن کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێت.
وەک بەرپرسی رێکخراوی تۆپ ماونتن باسی لێکەوەرد، ئەم دەستپێشخەریە دەگمەنە کە حکومەت و کەرتی تایبەت پێکەوە کۆدەکاتەوە، هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان و زیادکردنی هەلی کار و داهاتی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان.
لەلای خۆیەوە کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی پرۆژەی گەشانەوە رایگەیاند، ئامانج لە پرۆژەی گەشانەوە پاڵپشتیکردنی بازرگانی بچووکە وەک داینەمۆی بەهێزکردنی ئابووری وڵات.
راشیگەیاند، پرۆژەی گەشانەوە کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی بێکاری و زیادکردنی وەبەرهێنانی ناوخۆ دەبێت.
سەبارەت بە گرنگی یارمەتیدانی بزنسە بچووک و مامناوەندەکان، کوێستان محەممەد گوتی: بزنسە بچووک و مامناوەندەکان پێویستییان بە بینا و دامەزراوەی زۆر و ئامێری بەکاربەر نییە، لەهەمانکاتدا زۆری ژمارەی ئەم بزنسانە هۆکارێکن بۆ فەراهەمکردنی هەلی کار، کە کاریگەری گەورەیان هەیە لەسەر سەقامگیری کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاری.
وەک وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی پێدا، خەسڵەتی گرنگی ئەم بزنسانە ئەوەیە کە پشت بە بازاڕی ناوخۆ دەبەستێت بۆ دابیکردنی کەرەستەی سەرەتایی.
وەک لە ماڵپەڕی فەرمی پڕۆژەی گەشانەوەدا هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پڕۆژەی گەشانەوە تاوەکو بڕی 150 ملیۆن دیناری عێراقی قەرز بۆ بزنسی بچووک و مامناوەندی دامەزراو لە هەرێمی کوردستان دابین دەکات بە رسوماتی کارگێڕی سەدا دوو و بەبێ داواکردنی هیچ بارمتەیەک (رەهن) لەسەر قەرزەکان.
هەر سەبارەت بە (گەشانەوە)، لەو ماڵپەڕەوە ئەوە خراوەتەڕوو، بزنسە بەشداربووەکان سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی راوێژی تایبەتەوە لە لایەن شارەزای ناوخۆیی و بیانیەکانی رێکخڕاوی کارسازی هاوبەش (Top Mountain) بۆ باشتر بەڕێوەبردنی کارە بازرگانییەکانی سوودمەندبووانی پڕۆژەکە. هەروەها سوودمەندبووان هاوکاری دەکرێن بۆ کردنەوەی هەژماری بازرگانی بانکی.