لەسەر رووداوەکەی شاری دەرنە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەشت بەرپرس دەرچوو

K24 - هەولێر

داواکاری گشتی لیبیا فەرمانی دەستگیرکردنی 16 کەسی دەرکردووە، کە لەنێویاندا هەشت بەرپرس هەیە کە ئەرکی بەڕێوەبردنی بەنداوەکانی وڵاتەکەیان لە ئەستۆ بووە، ئەمەش دوای ئەو کارەساتەی کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هەزاران کەس لە شاری دەرنەی لیبیا.

لە راگەیەندراوێکی نوسینگەی داواکاری گشتی لیبیادا هاتووە، "کاربەدەستەکان بە گومانی خراپ بەڕێوەبردن و فەرامۆشکردن دەستگیرکراون، کە هەندێکیان لە ئێستادا هەندێکیان پێشتر لە نووسینگەکانی بەرپرس لە سەرچاوە ئاوییەکان و بەڕێوەبردنی بەنداوەکان کاریان کردووە".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە دەسەڵاتی بەرپرس لە لێکۆڵینەوەکە رۆژی یەکشەممە، لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامداوە کە باس لە راستی رووداوەکەی لافاوەکە دەکات و تا چ رادەیەک بەرپرسانی گشتی بەرپرس بوونە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی بەنداوی شارەکە".

بەگوێرەی میدیاکان، دەستگیرکردنەکە هەشت بەرپرس دەگرێتەوە، لەوانە سەرۆکی ئێستا و پێشووی دەسەڵاتی سەرچاوە ئاوییەکان، بەڕێوەبەری ئێستا و پێشووی بەشی بەنداوەکان، سەرۆکی بەشی جێبەجێکردن و پاراستنی بەنداوەکان، سەرۆکی بەشی بەنداوەکان لە پارێزگای رۆژهەڵات و سەرۆکی نوسینگەی سەرچاوە ئاوییەکان و هەشت کارمەندی دیکە".

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کارمەندانە ئەرکەکانیان خراپ بەڕێوەبردووە، پارەیان نەداوە بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و خۆپاراستن، بۆیە هەڵەکانیان بوونەتە هۆی کارەساتەکە".

لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا، زریانی دانیال بە تایبەتی شاری دەرنەی گرتەوە، شارێک کە 100 هەزار کەسی تێدا دەژی لەسەر سنووری دەریای ناوەڕاست لە لیبیا، ئەمەش بووە هۆی رووخانی دوو بەنداو کە لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە دروستکراون و بووە هۆی دروستبوونی لافاو کە زیانێکی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتەوە.

بەهۆی لافاوەکەوە لە رۆژهەڵاتی شاری دەرنە بەلایەنی کەمەوە سێ هەزار و845 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بەپێی دوایین ئامارەکانی گوتەبێژی لیژنەی چاودێری ئۆپەراسیۆنەکانی فریاگوزاری حکومەتی رۆژهەڵاتی لیبیا.

بەپێی دوایین ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، بەهۆی لافاوەکەوە زیاتر لە 43 هەزار کەس لە شاری دەرنە ئاوارە بوونە.