موسەننا ئەمین: بەهۆی گەندەڵی وەزارەتی ناوخۆی عێراق چاپکردنی دەفتەری پاسپۆرت بووەتە کێشەیەکی گەورە

موسەنا ئەمین
موسەنا ئەمین

K24 – هەولێر

موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەهۆی کەمتەرخەمی و گەندەڵی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، چاپکردنی دەفتەری پاسپۆرت بووەتە کێشەیەکی گەورە.

موسەننا ئەمین، ئەمڕۆ سەردانی فەرمانگەی پاسپۆرتی هەڵەبجەی کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەیان هەزار کەس لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان داواکاریان بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت پێشکەش کردووە، بەڵام بەداخەوە لەبەر کەمتەرخەمییەکان و گەندەڵییەکی زۆر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، چاپکردنی دەفتەری پاسپۆرت بووەتە کێشەیەکی گەورە، خەڵک هەیە لە هەندەران نۆ مانگ چاوەڕێی پاسپۆرت دەکات".

جەختیکردەوە: "ئەو ناکارامەیی و گەندەڵییەی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق هەیە، ئەو کێشانەی دروستکردووە، من مەبەستم وەزیر یان کەسێکی دیاریکراو نییە، بەڵام ئەوەی هەیە سیستەمێکە بۆ هەموو عێراق و کێشەیەکی گەورەیە نەتوانراوە چارەسەر بکرێت، زۆر عەیبە هاووڵاتییەکی سۆماڵی و ئەفغانی و هەموو ئەو وڵاتانەی کە لە گەورەترین قەیران دان، رەنگە بتوانێت بە هەفتەیەک پاسپۆرتی وڵاتەکەی وەربگرێت، بەڵام لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەکو عێراق هاووڵاتییەکانی بە نۆ مانگ و دە مانگ چاوەڕێی وەگرتنی پاسپۆرت دەکەن".

موسەننا ئەمین راشیگەیاند، لەبارەی ئەو کێشەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر خەت دەبن، بۆ ئەوەی کێشەی هەڵەبجە و هەموو پارێزگاکانی دیکە چارسەر بکرێت.