لە هەولێر شەشەمین ساڵیادی ریفراندۆم کرایەوە

هەولێر یادی ریفراندۆم دەکاتەوە
هەولێر یادی ریفراندۆم دەکاتەوە

K24 – هەولێر:

لە هەولێر یادی شەشەمین یادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی بەشێوەی جیاواز کرایەوە و ژمارەیەکی زۆر لە ‌هاووڵاتییان لە بەردەم قەڵای هەولێر بەشدارییان لەو یادەدا کرد و ئاڵایەکی گەورەی کوردستانیش بەرزکرایەوە.

رۆژی (25ـی ئەیلوولی 2023)، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی شاری هەولێر، لە بەردەم قەڵای هەولێر کۆبوونەوە بۆ یادکردنەوەی یادی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و هاووڵاتییان بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و خۆشی دەربڕین گوزارشتیان لە دڵخۆشی خۆیان بۆ ئەو یادە دەربڕی.

هاوکات هەر لە رێورەسەکانی یادی ریفراندۆم لە شاری هەولێر، ئاڵایەکی کوردستان کە درێژییەکەی 240 مەترە و پانییەکەی 40 مەترە لەلایەن هاووڵاتییانەوە هەڵکرا.

لەلایەن خۆیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەناو هاووڵاتییانی شاری هەولێر کە بۆ یادکردنەوەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کۆببوونەوە رایەگەیاند، 25ـی ئەیلوول رۆژێکی مێژووییە و لە یادی هەموو کوردێکیشدا دەمێنێتەوە.

لە (7ـی حوزەیرانی 2017)، بە سەرپەرشتی سەرۆک مه‌سعود بارزانی، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لە سەڵاحەددین، (25ـی ئەیلوولی 2017) بە رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دیاریکرا و هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمیش پێکهێندرا.

دوای ئەو بڕیارەش، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری و رێکارەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەستپێکرد و پەرلەمانی کوردستانیش لە 15ـی ئەیلوولی 2017، بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی پەسەندکرد.

لە 5ـی ئەیلوولی 2017، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، بۆ ماوەی 18 رۆژ دەرگای بانگەشەکردنی کردەوە و لەو ماوەیەشدا دەیان کەرنەڤاڵ و ئاهەنگی جەماوەری بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و رەوەندی کوردی لە وڵاتانی جیهان بەڕێوەچوو.

هەروەها لەو ماوەیەدا، سەرۆک بارزانی بەبێ وەستان و ماندووبوون سەردانی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی کرد و ئامانج و هۆکاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی روونکردەوە و داوای لە کوردستانیان کرد دەنگ بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بدەن.

رۆژی 23ـی هەمان مانگ، کوردستانیانی تاراوگە بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەستیان بە دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان کرد و لە (25ـی ئەیلوولی 2017)ـش هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە زاخۆ تا کەرکووک، هەموو کوردستانیانی شار و شارۆچکە و گوندەکان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بۆ بەشداریکردن لە بەدیهێنانی ئەو ئاواته‌ی سەدان ساڵ بوو هەموو کوردێک خەونی پێوەدەبینی.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، رێژەی بەشداریکردن لە ریفراندۆم گەیشتە 72%، بەشێوەیەک لەکۆی نزیکەی سێ ملیۆن و 306 هەزار کەس کە بەشداری دەنگدانیان کرد، دوو ملیۆن و 861 هەزار و 471 کەس دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستاندا کە دەکاتە رێژەی 92%.

بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لەلایەن سەرکردایەتی سیاسیی کوردەوە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی، لەگەڵ بوونی فشارێکی زۆری نێودەوڵەتی و ناوچەیی، بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، بەڵام رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر و هەوڵی تاقمێک لەناو لایەنێکی سیاسی بوونە دارەدەستی ئەجێندای ناوچەیی، کە بەو هۆیەوە تا ئەمڕۆ کەرکووک و بەشێکی فراوان لە خاکی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی نایاسایی و نا دەستووری لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە ئیدارە دەکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، دەنگی بەڵێی کوردستانیان ئەوەی دووپاتکردەوە، سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و دژایەتییەکان، بە پشتیوانی گەلی کوردستان ریفراندۆم ئامانجەکەی بۆ مێژوو تۆمارکرد کە کورد هەرگیز دەست لە خەونی سەربەخۆیی هەڵناگرێت و ریفراندۆمیش بووە ئەو بەڵگەنامە بەهێزەی هەمیشە بە دەستی کورد دەمێنێتەوە.

Fly Erbil Advertisment