مامۆستا جەعفەر: بەهۆی یەکێتی ئێستا وەبەرهێن و بازرگانەكانیش ژیانیان تاڵ كراوە

مامۆستا جەعفەر، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی
مامۆستا جەعفەر، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی کۆنگرەی پێنجەمی ئەو حزبە رایگەیاندووە، لەبری ئەو سەرکردانەی ماونەتەوە و شانازییان پێوەبکرێت و بانگهێشتی کۆنگرە بکرێن، كەچی كەسانی نامۆ بە یەكێتی و مێژووی گەلی كورد، لەسەری سەرەوە جێگایان بۆ دادەنرێت.

مامۆستا جەعفەر، ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە پەیامێکدا لەژێر ناونیشانی "چیمان چاند ئێستا چی دەدورینەوە؟"، ئاماژەی بەوەکردووە، "بە گوێرەی (قانون الأحزاب العراقية) نابێ رێگە بدرێت سوپا و پۆلیس و دەزگای هەواڵگری، دەستوەربداتە كاروباری حزبێكی سیاسی. لەڕووی  قانونییەوە دەتوانرێت لێپێچینەوەی یاسایی لە رێگەی دادگای فیدراڵی و دادگای لاهای لەسەر ئەم كەیسە بكرێت " .

مامۆستا جەعفەر باسی لەوەشکردووە، "یەكێتی جاران خۆی بە خزمەتكاری خەڵك دادەنا. ئێستا تەنانەت وەبەرهێن و بازرگانەكانیش ژیانیان تاڵ كراوە، بە سەرانە لێ سەندن و  باجی لاكۆڵان و چاوسووركردنەوە و كەڵەگاییەتی".

ئەو ئەندامەی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی ئامادەکارییەکانی کۆنگرە باسی لەوەکردووە، "دەبوایە ئامادەكەرانی كۆنگرە لە ئاستی بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بوونایە، رۆژی كۆنگرە بكرایەتە رۆژی جەژن و خۆشی و شادی بۆ هەموو گەلی كورد، نەك تەنیا بۆ یەكێتییەكان : دەبوایە ئاشتەواییەكی راستگۆیانە رابگەێنرێت. دڵی رەنجاوی كەس و كاری شەهیدەكان چاك بكرێتەوە و ئەوپەڕی رێز بۆ زیندانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر و  تێكۆشەر و پێشمەرگە دێرینەكان دابنرێت".

هەروەها ئەوەشی نووسیوە، "من وەكو كەسێك ،كە خاوەن چەندین شەهیدم ، ساڵی 1978 ئەندامی  مەكتەبی سیاسی و  ئەندامی ناوەندی - كۆمەڵە بووم و نزیكەی چل كتێبم بە ئەڵمانی و عەرەبی و كوردی بڵاوكراوەتەوە، هەروەكو رێزێك بۆ خۆتان دەبووایە لایەنی كەم، شانازی بەوەوە  بكەن، ئەو سەركردانەی بە رێكەوت ماون و دەوری سەرەكییان لە دامەزراندنی یەكێتی و هەڵگیرساندی شۆڕش هەبووە بۆ كۆنگرە بانگهێشت بكرێن".

مامۆستا جەعفەر لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت، "كەچی ئێوە كەسانی نامۆ بە یەكێتی و مێژووی گەلی كورد ، لەسەری سەرەوە جێگایان بۆ دادەنرێت. ئەوەی خاوەنی ماڵی راستەقینەی یەكێتیشە،  دەبێ رێگەی هەناسەدانیشی پێنەدرێت".

ئەم هەڵوێستەی ئەو ئەندامەی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، دوای پەیامە ڤیدیۆییەکەی مەلا بەختیار دێت، کە ئەمڕۆ بەشدارینەکردنی خۆی لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی راگەیاند.

لە کۆبونەوەی رۆژی یەکشەممە (20ـی ئابی 2023)، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کەرکووک بڕیاردرا رۆژی (27ـی ئەیلوولی 2023) کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە شاری سلێمانی ببەسترێت.