تەقینەوەیەک لە قەرەباخ برینداربوونی 200 کەسی لێکەوتەوە
K24 - هەولێر:
بەهۆی تەقینەوەی وێستگەیەکی سووتەمەنییەوە لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ لانیکەم 200 کەس برینداربوون.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، درەنگانێکی شەوی رابردوو وێستەگەیەکی سووتەمەنی لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە لانیەکەم 200 کەس برینداربوون، کە برینی بەشێکیان سەختە، بەهۆی نەبوونی دەرمان و کەرەستەی پزیشکیشەوە لە قەرەباخ زۆرینەی بریندارەکان رەوانەی ناوچەکانی دیکەی ئەرمینیا کراون بۆ چارەسەر.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەرابایجانەوە پرۆسەی کۆچی ئەرمەنییەکانی هەرێمی قەرەباخ بۆ ناوچەکانی دیکەی ئەرمینیا بەردەوامە و تا ئێستاش زیاتر لە پێنج هەزار ئەرمینی ئەو هەرێمەیان بەجێهێشتووە.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، بەشێک لە بەرپرسە ئەرمەنەکانی هەرێمی قەرەباخ بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ژمارەی ئەرمەنەکانی هەرێمەکە نزیکەی 120 هەزار کەسە، لەگەڵ زیادبوونی هەژموونی ئازەربایجان لە قەرەباخ ئەوانیش کۆچدەکەن چونکە ترسییان هەیە رووبەڕووی پاکتاوی رەگەزی ببنەوە لەلایەن سوپای ئازەربایجانەوە.
دانیشتووانی قەرەباخ لە ئازەری و ئەرمەنی پێکهاتوون و لە نەوەتەکانی سەدەی رابردووەوە لەژێر دەسەڵاتی باکۆ نەما و لەوکاتەوە ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکردووە، تاوەکو لە جەنگی 2020، ئازەربایجان توانی دەستبەسەر رووبەرێکی فراوان لە ناوچەکەدا بگرێتەوە.
ماوەی چەندین مانگە ئازەربایجان گەمارۆی خستووەتە سەر رێگەی لاچین کە تاکە رێگەیە ئەرمینیا بە قەرەباغ دەبەستێتەوە بەڵام لە چەند رۆژ رابردوودا، بە مەبەستی هاوکاری مرۆیی بە ناوچەکە، باکۆ بڕیاریدا رێگەکە بەشێوەی کاتی بکرێتەوە و داخستنی ئەو رێگەیەشی بۆ رێگریکردن لە بەقاچاغبردنی چەک بۆ گرووپەکانی سەر بە ئەرمینیا گەڕاندەوە.