حەمدۆک: بانگهێشتکردنی عەبدولفەتاح بورهان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان هاندانە بۆ کودەتا
K24 - هەولێر
عەبدوڵڵا حەمدۆک، سەرۆکوەزیرانی پیشووی سوودان، ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە بانگهێشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ فەرماندەی سوپای سوودان، عەبدولفەتاح بورهان، بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەشڵێت، ئەمە ئاماژەیەکی زۆر مەترسیدارە کە ئەوان هانی کودەتای سەربازی لە کیشوەری ئەفریقا دەدەن.
عەبدوڵڵا حەمدۆک لەگەڵ ئەندامانی سەروەری و ئەنجوومەنی وەزیران کە لە کودەتاکەی 25ـی ئۆکتۆبەری 2021، لەلایەن سوپاوە رووخێنران، نامەیەکیان ئاراستەی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنی گۆتێرێس کرد و تێیدا رایانگەیاند، "ئەم بانگەوازە پێچەوانەی هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکانە کە کودەتاکە رەتدەکەنەوە کە پرۆسەی گۆڕانکاری دیموکراسی لە سوودان راگرت".
نامەکە جگە لە حەمدۆک، سێ ئەندامی ئەنجومەنی سەروەری واژۆیان کردووە، ئەوانیش محەمەد ئەلفەکی سلێمان، تاهر حەجەر و محمد حەسەن ئەلتەعایشی. هەروەها وەزیرە دیارەکانی حکومەتەکەی حەمدۆک بە سەرۆکایەتی وەزیری کاروباری ئەنجومەن واژۆی لەسەر کراوە.
لە نامەکەیاندا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان کردووە، پێکهاتە سەربازییەکە بە سەرۆکایەتی لیوا بورهان، کە سەرکردایەتی کودەتایەکی سەربازیی لە دژی حکومەتی مەدەنی ئینتقالی کرد، کە بووە هۆی داڕمانی دەستووری تەواوەتی لە وڵاتەکەدا و لە ئەنجامدا حکومەتێکی دیفاکتۆی لێکەوتەوە، دواتر شەڕی 15ـی نیسانی رابردوو روویدا لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا.
هەروەها لە نامەکەدا ئاماژە بە هەڵوێستەکانی یەکێتی ئەفریقا و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا کراوە کە رەتکردنەوەی خۆیان بۆ کودەتا سەربازییەکە دەربڕی کە حکومەتی مەدەنی حەمدۆکی تێدا رووخا و پرۆسەی گۆڕانکاری دیموکراتیان لە سوودان راگرت، بە وەرگرتنی بڕیارنامە ئیدانەکردنی کودەتاکە و داوای گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ خەڵکی مەدەنی.
لە نامەکەدا ئەوەش هاتووە، بەڵێن دراوە کە فەرماندەی سوپا وەک نوێنەری سوودان بەشداری کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستە نێودەوڵەتییە راگەیەندراوەکانە و بەشدارە لە درێژکردنەوەی ئەو شەڕەی کە ئێستا لە سوودان بەڕێوەدەچێت، هەروەها ئاماژەی زۆر مەترسیدار و هاندەرانە بۆ سوودان دەنێرێت، کە پاڵپشتی کودەتا سەربازییەکانی ئەم دواییانەی کیشوەری ئەفریقا دەکرێت.
رۆژی 25ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021، فەرماندەی سوپای سوودان عەبدولفەتاح بورهان، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی سەروەری و ئەنجومەنی وەزیران و راگرتنی هەندێک بڕگەی دەستوری کە ماوەی ڕاگوزەری بەڕێوەدەبات راگەیاند، هەروەها دەستگیرکردنی سەرۆکی سوودان و وەزیر و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەروەری و وەزیرەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنیشی راگەیاند.
دواتر بەهۆی ئەم کودەتایە، یەکێتی ئەفریقا ئەندامێتی سوودانی هەڵپەسارد، هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بانکی نێودەوڵەتی هاوکارییەکانی بۆ سوودان راگرت.