ئۆکرانیا: 26 فڕۆکەی رووسیامان خستووەتە خوارەوە
K24 - هەولێر
سوپای ئۆکرانیا ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند، رووسیا بە 38 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهید هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا و پشتڕاستی کردەوە کە 26 لەو فڕۆکانە خراونەتە خوارەوە.
هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا لە رێگەی تێلێگرامەوە لە راپۆرتی رۆژانەی خۆیدا نووسیویەتی، "رووسیا بە 38 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهید هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا"، بەڵام بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا 26 لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی دروستکراوی ئێرانی خستووەتە خوارەوە.
ئۆلێگ کیپەر، پارێزگاری ئۆدیسا لە ئۆکرانیا لە رێگەی تێلێگرامەوە رایگەیاند، هێرشەکەی رووسیا دوو کاتژمێری خایاندووە و پشتڕاستیکردووەتەوە کە زۆربەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیش خراونەتە خوارەوە.
دەشڵێت: "بەداخەوە دامەزراوەکانی بەندەریئیسماعیل کەوتووەتە بەر هێرشەکە"، ئاماژەی بەوەشکرد، دوو شۆفێری بارهەڵگر برینداربوون، یەکێکیان گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
کیپەر ئاماژەی بەوەشکرد، ناوەندێکی کۆنترۆڵ و کۆگاکان زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها نزیکەی سی بارهەڵگریش زیانیان بەرکەوتووە.
بەندەری ئیسماعیل دەکەوێتە سەر رووباری دانوب لە ئۆکرانیا، یەکێکە لە رێگا سەرەکییەکانی هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئۆکرانیا.
بەرپرسانی ئۆدیسا رۆژی دووشەممە رایانگەیاند، ناوچەکە بە 19 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی شەهید لەلایەن رووسیاوە کرایە ئامانج کە لەنێویاندا دوو مووشەکی ئۆنیکس بوون.
هەروەها لە باشوور، لە ناوچەی خێرسۆن، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە چوار کەس لە هێرشەکانی رووسیا بریندار بوون، بەپێی گوتەی پارێزگاری خێرسۆن.
لە شووباتی ساڵی 2022دا، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا بەدەیان هەزار سەرباز لە هەردوولا کوژراون، ناوچەیەکی زۆری ئۆکرانیاش کەوتووەتە بەردەستی رووسیا.