کریستیانەکانی مووسڵ داوای سەقامگیریی دەکەن
زیاتر لە 30 کڵێسا و دێر رووخێندراون و نۆژەن نەکراونەتەوە
K24 - مووسڵ
كریستیانەكان وەك پێكھاتەیەكی رەسەن و گرنگی مووسڵ و دەشتی نەینەوا، لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا رووبەڕووی زیانێكی زۆری ماددی و گیانی بوونەتەوە و زیاتر لە دەیان كڵێسا و دێریان لەلایەن داعش و گرووپە چەكدارەكانهوه سوتان و روخێندراون، سەرەڕای مەترسیی لەسەر ژیانیان تا ئێستاش وەك پێویست كڵێسا و دێرەكانیان نۆژەن نەكراونەتەوە.
شەوکەت حەننا، هاووڵاتییەکی کریستیانە لە مووسڵ دەڵێت: "لە ساڵی 2017 لەگەڵ خێزانەکەم گەڕاینەوە مووسڵ، چونکە مەبەستمان بوو بگەڕێینەوە زێدی خۆمان، داوا دەکەین کڵێسا و خانووەکانمان نۆژەن بکرێنەوە، بۆ ئەوەی هەموو ئەو کریستیانانەی ئاوارە بوونە بگەڕێنەوە مووسڵ".
لەکاتی داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن داعش لە ساڵی 2014، هەموو مەزارگەی کریستیتانەکان و نزیکەی 30 کڵێسا و دێر وێران کراون، کە وەک هێمایەک بوون لە رووی شوێنەواری و مێژوویی شارەکە.
ئەحمەد جاسم، یەکێکە لە چالاکوانانی مووسڵ، بە کوردستان24ی گوت: "داعش هەموو مەزارگە شوێنە ئاینییەکانی لە مووسڵ کردە ئامانج، بەداخەوە تائێستا زۆربەیان بە وێرانی ماونەتەوە".
لە دوای بەغدا، مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و لە کۆنەوە زۆربەی ئاینزا و نەتەوەکان لەو شارەدا نیشتەجێ بوونە بۆیە هەندێک جار وەک شاری پێکەوەژیان ناوی دەهێنرێت.
مووسڵ بە نزیکەی 400 کیلۆمەتر کەوتووەتە باکووری بەغدا، لە 10/6/2014 لەلایەن چەکدارانی داعش داگیرکرا، دوای دوو ساڵ لە داگیرکردنی لە 16ی تشرینی یەکەمی 2016 ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ بە بەشداری هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، بە پاڵپشتی هاوپەیمانان دەستپێکرد، لە 21ی تەممووزی 2017 کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ راگەیەندرا.