لە رووداوەکەی حەمدانییە تەرمی ژمارەیەک کەس سوتاون و ناناسرێنەوە

دیمەنێکی شوێنی رووداوەکە
دیمەنێکی شوێنی رووداوەکە

K24 - هەولێر

درەنگانی شەوی رابردوو ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێران له‌ قه‌زای حه‌مدانییه‌ کەوتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، ‌ زیاتر لە 100  كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداو و نزیکەی 200 کەسی دیکەش بریندارن.

پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، تائێستا ئامارێکی دروست لەبەر دەست نییە، چونکە لە کاتی رووداوەکەدا تەرم و بریندار بۆ شوێنی جیاواز گوازراونەتەوە، ژمارەیەکیان رەوانەی هەولێر کراون و هەندێکی دیکەشیان لە نەخۆشخانەی حەمدانییەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمی ژمارەیەک کەس سوتاون و تائێستا نەناسراونەتەوە، بووکەکە یەکێکە لەو کەسانەی تائێستا نازانرێ گیانی لەدەستداوە یان بریندارە، چونکە بەهۆی سوتانی جەستەیان ناناسرێنەوە.

شەوی رابردوو مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیمەکانی بەرگری شارستانی و تەندروستی راسپارد بە هانای لێقەومانەوە بچن.

سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگه‌یه‌ندراوێکدا رایگەیاندووە: لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ژمارەیەکی زۆری ئەنبوڵانس و تیمەکانی فریاکەوتن چوونەتە قەزای حەمدانییە.

وه‌زیری ته‌ندروستی راشیگه‌یاند، له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ له‌ شاری هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.