لە هۆتێلێکی ناوچەی سەوزی بەغدا ئاگر کەوتەوە
هۆتێلێک کە نێردە دیبلۆماسییەکان لە بەغدا لێی دەمێننەوە ئاگری گرت
K24 - هەولێر:
بەرە بەیانی ئەمڕۆ لە هۆتێل رەشید کە دەکەوێتە ناوەراستی ناوچەی سەوزی بەغدا، ئاگرێک کەوتەوە و بەهۆیەوە هۆتێلەکە بۆ ماوەیەک چۆڵ کرا.
بە گوێرەی میدیا عێراقییەکان، لەو هۆتێلەدا ژمارەیەک نێردەی دیبلۆماسی وڵاتانی کەنداو دەمێننەوە و بەهۆی ئاگرەکەوە بۆ ماوەیەک هۆتێلەکەیان چۆڵ کردووە.
ئاماژە بەوەشدراوە، ئاگرەکە لە چێشتخانەی هۆتێلەکە کەوتووەتەوە و دوای ئەوەی لەلایەن بە تەواوی کۆنترۆڵ کراوە، نێردە دیبلۆماسییەکان گەڕاونەتەوە ژوورەکانی خۆیان.
هۆتێل رەشید دەکەوێتە ناوچەی سەوزی بەغدا، ئەو ناوچەیەی لەڕووی ئەمنیەوە گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت و باڵەخانەی پەرلەمان ژمارەیەک بینای دیکەی حکومی و باڵیۆزی وڵاتانی لێیە.
شەوی رابردووش لە قەزای حەمدانییە لە سنووری پارێزگای نەینەوا، لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و لانیکەم 200 کەس بریندارن.