پارێزگاری نەینەوا یەک هەفتە ماتەمینی بۆ قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانییە راگەیاند
K24 - هەولێر
نەجم جبوری پارێزگاری نەینەوا ئەمڕۆ چوارشەممە یەک هەفتە ماتەمینی لە پارێزگای نەینەوا بەهۆی رووداوەکەی قەزای حەمدانییە راگەیاند.
نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری نەینەوا، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، نەجم جبوری بۆ ماوەی یەک هەفتە ماتەمینی راگەیاند و ئاهەنگە تایبەتەکانی بە بۆنەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) دوادەخرێت بەهۆی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزی حەمدانییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "سبەی پێنجشەممە 28ی ئەیلوول، خولەکێک بێدەنگی و ماتەمینی لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و دامودەزگاکانی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەدەچێت".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پارێزگاری نەینەوا سەرجەم شوێنەکانی عیبادەتەکانی ئاڕاستە کردووە کە دوعای بۆ سەرجەم قوربانییانی رووداوەکە بکەن.
سەیف ئەلبەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی نەینەوا 114 حاڵەتی گیانلەدەستدان و زیاتر لە 150 برینداری تۆمارکردووە، وەک ژمارەی سەرەتایی لە ئەنجامی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵێکی هاوسەرگیری لە حەمدانییە".