ئەندامێکی کۆنگرەی یەکێتی: لەکاتی کردنەوەی دەرگای هۆڵی کۆنگرە بڕیارمدا بەشداری کۆنگرە نەکەم
پشتیتوانی خۆی بۆ مەلا بەختیار و لاهور شێخ جەنگی راگەیاند
K24 – هەولێر
ئەندامێکی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی رایگەیاند: لەکاتی کردنەوەی دەرگای هۆڵی کۆنگرە بڕیارمدا بەشداری لە کۆنگرەی پێنجەمی بە نایاسایی سەپێندراو بەسەر کادیران و ئەندامانی حیزبەکەمان نەکەم.
بەختیار کاوانی، کادیری پێشکەوتووی یەکێتی و لێپرسراوی پێشووی ئیدارەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر لەگەڵ دەستپێکردنی کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەی لە سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "لەگەڵ دەستپێك و کردنەوەی دەرگای هۆڵی کۆنگرەی پێنجەمی بە نایاسایی سەپێندراو بەسەر کادیران و ئەندامانی حزبەکەمان، بڕیارمدا بەشداری نەکەم لە بەلاڕێدا بردن و نانەوەی ناکۆکی نێوان تێکۆشەران و لەتکردنی یەکێتییەکەمان بەپێی ویست و خواستی نەیارەکانمان".
هەروەها نووسیویەتی: "پشتیوانی خۆم بۆ هەڤاڵ مەلا بەختیاری سەرکردە و هەڤاڵەکانی لە ئەنجومەنی باڵا رادەگەیەنم، پشتیوانی تەواوی هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی دەکەم، هاوڕام لەگەڵ وتارە بە نرخەکانی هەردووکیان، کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی رێڕەوی راستەقینە و رێکخستنەوەی جەمسەرەکان بۆ دووبارە هەستانەوەی یەکێتییەکەی جاران و هی هەمووان".
ئەمڕۆ چوارشەممە 27/9/2023، پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ئامادەبوونی 600 ئەندامی کۆنگرە و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشدارن.