چەند گۆڕانکارییەکی یەکێتی لە ئۆرگانەکانی ئاشکرا دەکرێت

دیمەنێکی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە سلێمانی 27/9/2023
دیمەنێکی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی لە سلێمانی 27/9/2023

K24 – هەولێر

گوتەبێژی کۆنگرەی یەکێتی رایگەیاند، رێژەی مەڵبەند و مەکتەبەکان کەمدەکرێتەوە و دەسەڵاتی سەرۆکی حزبەکەش وەکخۆی دەمێنێتەوە و هەندێک گۆڕانکاری تێدا دەکرێت.

تەلار لەتیف، گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتی وەکخۆی دەمێنێتەوە و هەندێک گۆڕانکاری دەبێت، لە رەشنووسی کۆنگرە ئەوە هاتووە، چەند لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە کۆنگرە پێکهێنراون، لە کۆتاییدا ئەندامانی کۆنگرە بڕیار لەسەر شێوازی کارکردنی یەکێتی دەدەن".

گوتیشی: "سێ ئەنجومەن لەناو یەکێتی دروست دەکرێن کە لە رەشنووسەکەدا ناوەکان نووسراوە، نازانرێت دواتر گۆڕانکاری لەناو و رێژەکانیان دەکرێت یان نا، ئەنجومەنەکان رۆڵیان جیاواز دەبێت، پێکهاتوون لە ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، ئەنجومەنی سەرکردایەتی، کە رەنگە ناوەکەی بگۆڕدرێت، هەروەها ئەنجومەنی پشتیوانیمان دەبێت کە ژمارەیان نزیکەی 100 کەس دەبێت".

گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، ئاماژەی بەوەشکرد: "رێژەی مەڵبەند و مەکتەبەکان کەمدەکرێتەوە.

ئەمڕۆ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد، بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت، لەم کۆنگرەیە جیاواز لە کۆنگرەکانی ئەو حزبە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی بەشداری ناکەن و رەخنە لە شێوەی بەڕێوەچوونی کۆنگرە دەگرن.