هه‌ولێر.. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ نزیكه‌وه‌ بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

K24 - هەولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمه‌رجه‌نسی له‌ شاری هه‌ولێر و له‌ نزیكه‌وه‌ بریندارانی رووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ی هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی حه‌مدانییه‌ به‌سه‌ركرده‌وه‌.

په‌یامنێری كوردستان24 له‌هه‌ولێر رایگه‌یاند، كه‌مێك پێش ئێستا نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، له‌ نزیكه‌وه بریندارانی رووداوه‌كه‌ی قه‌زای حه‌مدانییەیان له‌‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمه‌رجه‌نسی له‌شاری هه‌ولێر به‌سه‌ركرده‌وه‌.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، لە دوێنێ کاتژمێر 3ـی شەو تا ئەمڕۆ نزیکەی 67 کەس لە بریندارانی هۆڵێکی ئاهەنگگێرانی قەزای حەمدانییە هێنراونەتە هەرێمی کوردستان، 47 بریندار لە شاری هەولێرن، بەشێکیان لە نەخۆشخانەی ئیمه‌رجه‌نسین و بەشێکیشیان لە نەخۆشخانەی رۆژئاوا و کۆمارین لە شاری هەولێر، هەروەها 20 لە بریندارانیش لە شاری دهۆکن لەوێدا چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.

باسی لەوەشکرد، لەو 47 بریندارەی کە هێنراونەتە شاری هەولێر بەپێی دواین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر دووانیان گیانیان لەدەستداوە کە منداڵێکی تەمەن چوار ساڵ و منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵن، هەروەها لە شاری دهۆکیش دوو لە برینداران گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، حەوت لە بریندارەکانی قەزای حەمدانییە لە نەخۆشخانەی ئیمه‌رجه‌نسی شاری هەولێر لەژێر چاودێری چڕدانە و بارودۆخی تەندروستیان ناجێگیرە، هەروەها سێ لە بریندارانیش گواستراونتەوە بۆ نەخۆشخانەی لالاڤ.

شه‌وی رابردوو له‌ هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له‌ قه‌زای حه‌مدانییه‌، ئاگر ده‌كه‌وێته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانە بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.