نێچیرڤان بارزانی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمه‌رجه‌نسییه‌وه‌: ئه‌و كاره‌ساته‌ هی خۆمانه‌ و به‌ دڵ و به‌گیان له‌گه‌ڵیانین

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

له‌میانه‌ی سه‌ردانی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمه‌رجه‌نسی شاری هه‌ولێر و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی بوو، هاتووین لێره‌ ده‌ستخۆشی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێر بكه‌م، كه‌ به‌ڕاستی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تا و سه‌عاتی یه‌كه‌می روودانی ئه‌و كاره‌ساته‌، ئه‌وان ئه‌مبۆڵانسیان نارد.

نێچیرڤان بارزانی هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، ده‌مه‌وێ پڕ به‌دڵ ئه‌مڕۆ ده‌ستخۆشی و سوپاسی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی بكه‌م، ئه‌وه‌ی من لێره‌ به‌چاوی خۆم بینیم، ئه‌و چاودێرییه‌ی ده‌یكه‌ن بۆ نه‌خۆشه‌كان، به‌ڕاستی جێی شانازییه‌ بۆ هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان.

سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌مه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی گه‌وره‌یه‌، ئێمه‌ ده‌بێت هه‌موومان له‌گه‌ڵ ئه‌و خوشك و برایانه‌ بوه‌ستین، به‌ڵكو خودای گه‌وره‌ سه‌بووریان بدات.

روونیشیكرده‌وه‌، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، من ئه‌مڕۆ له‌‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق قسه‌مان كردووه‌، جه‌نابیان زۆر گرنگی به‌و رووداوه‌ ده‌دات، ده‌ستبه‌جێ وه‌زیری ناوخۆی بۆ شاری مووسڵ  ناردووه‌ و وه‌زیری ته‌ندروستی ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، داواملێكردووه‌ له‌م پرسه‌ ده‌بێت لێكۆڵینه‌وه‌ی جددی بكرێت، ده‌بێت ئه‌و قوربانیانه‌ی كه‌ هه‌ن، قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌.

گوتیشی: "سه‌رۆكوه‌زیران له‌ به‌غدا به‌ سوپاسه‌وه‌ زۆر گرنگی به‌و بابه‌ته‌ ده‌دات، به‌ڵێنی داوه‌ له كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران باسی بكات، هه‌موو شتێك ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئازاره‌كانی ئه‌م خه‌ڵكه‌ كه‌م ببێته‌وه‌".

دووپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ كاره‌ساته‌كه‌ به‌راستی كاره‌ساتێكی زۆر گه‌وره‌یه‌ و گوتی: "هه‌موومان دووعا ده‌كه‌ین، نه‌خۆشه‌كان به‌ زووترین كات چاك ببنه‌وه‌".

له‌ وه‌ڵامی پرسیاری رۆژنامه‌نووسانیش نێچیرڤان بارزانی رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی من له‌ كادیرانی ته‌ندروستی بیستم، ده‌ڵێن ده‌توانین لێره‌ هه‌موویان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، دیسانه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نم سوپاسێكی گه‌رمی ئه‌و تیمانه‌ ده‌كه‌م، ده‌ستخۆشیان لێده‌كه‌م، بۆ ئه‌و كاره‌ مرۆییه‌ی كه‌ ئه‌م ستافه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌نجامیانداوه‌، دووباره‌ سوپاسی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و جه‌نابی وه‌زیر و پارێزگاری هه‌ولێر ده‌كه‌م، كه‌ زۆر به‌ په‌رۆشه‌وه‌ به‌هانای ئه‌و بریندارانه‌وه‌ هاتوون.

گوتیشی: هه‌رشتێك پێویست بێت و ئێمه‌ له‌خزمه‌ت ده‌بین، ئه‌وانه‌ عه‌زیزی ئێمه‌ن، ئه‌و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر ئه‌واندا هاتووه‌، وا حیساب ده‌كه‌ین هی خۆمانه‌ و هی هه‌رێمی كوردستانه‌، هه‌موومان به‌ دڵ و به‌گیان له‌گه‌ڵیانین، له‌م ئازاره‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌وان تووشبوون، هه‌موومان له‌گه‌ڵیان ده‌مێنینه‌وه‌، خودا سه‌برو ته‌حموولیان پێبدات.

شه‌وی رابردوو له‌ هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له‌ قه‌زای حه‌مدانییه‌، ئاگر ده‌كه‌وێته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.