ئەحمەد زاوێتەیی لە یادی برینداربوونی سۆران کامەران: خەمی ئێمە گەیاندنی پەیامی راستییە لەسەر شاشەی کوردستان24
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر برینداربوونی سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 لە پارێزگای کەرکووک تێدەپەڕێت و کوردستان24 لەم یادەدا پێشانگەیەکی کردەوە.
کوردستان24 لە یادی برینداربوونی سۆران کامەران پێشانگەیەکی کردەوە و تێیدا ئەحمەد زاوێتەیی، بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەکە وتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، خەمی ئێمە گەیاندنی پەیامی راستییە لەسەر شاشەی کەناڵی کوردستان24.
سەبارەت بە گرفت و ئاڵۆزییەکانی بەردەم رۆژنامەنووسان، ئەحمەد زاوێتەیی گوتی: هەر کەس بیەوێت راستی رووداوەکان بگەیەنێتە بینەران، بە دڵنیاییەوە تووشی ناخۆشی دەبێت، دڵ و هەستی ئێمە لەگەڵ هەر رۆژنامەنووسێکدایە کە لە رێگای گەیاندنی راستیدا بێت و، لە خودا نزا دەکەین بیانپارێزێت.

برینداربوونی پەیامنێری کوردستان24 لە پردێ، دەنگدانەوەی ناوخۆیی و جیهانی لێکەوتەوە و لەو پێشەنگەیەدا کە ئەمڕۆ لە نووسینگەی سەرەکی کوردستان24 کرایەوە، دیمەنەکانی ساتی برینداربوون و رزگارکردنی سۆران کامەران خرانەڕوو.
هەر لەو پێشەنگەیەدا بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی کوردستان24 خەڵاتی رێزلێنانی بەخشیە فەریق میکائیل چیچۆ و کاروان کەبیر، ئەو دوو پێشمەرگەیەی کرد کە لەکاتی بۆردوومانی پردێ لەلایەن ئێرانەوە، سۆران کامەرانیان بە برینداری رزگار کرد.

رۆژی 28ـی ئەیلوولی 2022، درۆن و مووشەکەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەنێویاندا سنووری ناحیەی پردێ، لە هەمان رۆژ سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 کە سەرقاڵی رووماڵی رووداوەکان بوو، بەهۆی بۆردوومانەکەوە بریندار بوو، بەڵام خۆشبەختانە لەلایەن دوو پێشمەرگەوە بە برینداری رزگار کرا و دواتر گەیەندرایە نەخۆشخانە.

شایەنی باسکردنە، ئەمە جاری یەکەم نییە کە پەیامنێر و وێنەگری کوردستان24 لەکاتی رووماڵی رووداوەکاندا برینداردەبن، بە نموونە لە شەڕی دژی داعشدا چەند پەیامنێر و وێنەگری کوردستان24 لەکاتی رووماڵدا برینداربوون، لەوانە مەسعود وەرمێلی و چەکدار جەمال، دوو پەیامنێری کوردستان24 و محەممەد هەڵەبجەیی، وێنەگری کوردستان24.

کوردستان24، زانیاریی راست و درووست بۆ وەرگرانی كوردزمان لە كوردستان و ناوچەكە و تەواوی جیهان لە رێگەی تۆڕێکی میدیایی رێکخراو: رادیۆ، تەلەڤزیۆن، وێبسایت و بە زمانەكانی (كوردی- ھەردوو شێوەزاری "کرمانجی، سۆرانی" و ئینگلیزی، عەرەبی، توركی و فارسی) دەگوازێتەوە.
میتۆدی كاركردنی Kurdistan24
کوردستان24، دامەزراوەیەكی تایبەت بە توێژینەوە و راگەیاندنە، وەك نێوەندێكی میدیایی ھەمەجۆر بەشێوەیەکی درووست و بابەتیانە و بە پێی پهرهنسیپی "بهرپرسیاریهتی كۆمهڵایهتی"، ئهركه پیشهییهكانی بهرانبهر (نیشتمان، تاكهكانی كۆمهڵگه، ئازادیه كهسییهكان) بهجێدهگهیهنێت.