سەرۆک بارزانی: هۆكارەكانی دەركەوتن و بەهێزبوونەوەی داعش هێشتا بەردەوامن
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی رۆمانیا دەكات

K24 - هەولێر
رۆژی پێنجشەممە 28ی ئەیلوولی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی باڵای پەرلەمانی رۆمانیا بە سەرۆكایەتیی سێناتۆر تیتۆس کورلاتسیان سەرۆكی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی رۆمانیا كرد.
لە دیدارەكەدا کە رادۆ ئۆکتاڤیان دۆبرێ باڵیۆزی رۆمانیا لە عێراقیش ئامادە بوو، سەرۆكی لیژنەی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ڕۆمانیا ستایشی رۆڵی سەرۆك بارزانی لە خەباتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان كرد و، هەروەها پێزانینی بۆ رۆڵ و قوربانیدانی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا هەبوو.
جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی زۆر بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و داواشی كرد كە پەیوەندییەكانی ڕۆمانیا و هەرێمی كوردستان لە بواری كولتووری و ئابووری و وەبەرهێنان و كەرتی تایبەتدا پەرە بستێنێت.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی رۆمانیای بە دۆستانە وەسفكرد و خوازیاری ئەوەش بوو كە ئەو پەیوەندییانە فراوانتر بكرێن بە تایبەت لەبواری ئابووری و كشتوكاڵ و وەبەرهێنان. هەروەها سوپاسی رۆڵی رۆمانیای كرد كە لە چوارچێوەی هێزی هاوپەیماناندا لە شەڕی تیرۆر یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە. پەیوەست بە شەڕی تیرۆر سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە هەڕەشەی تیرۆر هەڕەشەیەكی جیهانییە. ڕاستە كە لەڕووی سەربازییەوە داعش تێكشكاوە بەڵام هۆكارەكانی دەركەوتن و بەهێزبوونەوەی داعش هێشتا هەر بەردەوامن و بە پێویستیشی زانی هاوپەیمانیەتی و هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بنبڕكردنی تیرۆر هەر بەردەوام بێت و لە ئەولەوییەتی سیاسەتی جیهانیدا بێت.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و كۆسپ و تەحەددیاتی بەردەم سەقامگیری لە ناوچەكە و جیهان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.
