مەتران بەشار وەردە: داوا لە هەمووان دەکەم نزا بۆ قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانییە بکەن

مەتران بەشار وەردە، سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشیەی كلدانی هەولێر
مەتران بەشار وەردە، سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشیەی كلدانی هەولێر

K24 – هەولێر:

سەرۆكی ئەساقیفەی ئەبرەشیەی كلدانی هەولێر، پەیامێکی هاوخەمی بۆ رووداوەکەی حەمدانییە بڵاوکردەوە و داوا لە هەمووان دەکات نزا بۆ قوربانیانی رووداوەکە و کۆمەڵگەی سریانی بکەن.

مەتران بەشار وەردە، سەرۆکی ئەساقیفەی ئەبرەشیەی كلدانی هەولێر رایگەیاند، لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی قەزای حەمدانییە، هەزار کریستیان ئامادەبوون، بەڵام بەهۆی ئەو رووداوە تراژیدییەوە زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیکەش بریندارن.

ئاماژەی بەوەشدا، لەم رووداوە تراژیدییەدا هەموو عێراق هاوخەم و نیگەرانبوو و سوننەکان ئاهەنگەکانی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامیان هەڵوەشاندنەوە، هەروەها "پەیامی هاوخەمیمان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی شیعەکان پێگەیشت و سێ رۆژ ماتەمینیش راگەیێندرا."

مەتران بەشار وەردە داواشی لە هەمووان کرد نزا بۆ قوربانیانی رووداوەکەی حەمدانییە و کۆمەڵگەی سریانی بکەن.

رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیکرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستان رابگەیه‌ندرێت.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌میانه‌ی سه‌ردانی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمه‌رجه‌نسی شاری هه‌ولێر و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌، رایگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی بوو، هاتووین لێره‌ ده‌ستخۆشی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێر بكه‌م، كه‌ به‌ڕاستی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تا و سه‌عاتی یه‌كه‌می روودانی ئه‌و كاره‌ساته‌، ئه‌وان ئه‌مبوڵانسیان نارد.

درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له‌ هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له‌ قه‌زای حه‌مدانییه‌، ئاگر ده‌كه‌وێته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.