پەرلەمانی عێراق وادەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی راگەیاند
K24 – هەولێر:
پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری رۆژی شەممەی بڵاوکردەوە، کە یەکێک لە خاڵەکانی بەرنامەکە دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە.
رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئەیوولی 2023)، پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارەی (16)ـی رۆژی شەممە (30ـی ئەیلوولی 2023)ـی بڵاوکردەوە کە یەکێک لە خاڵەکانی بەرنامەکە دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە.
بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق لە نۆ خاڵ پێکهاتووە و لە خاڵی سێیەمدا ئاماژەی بە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە کردووە، کە پێشتر چەند جارێک کراوەتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق و دواخراوە.
وابڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە (14ـی ئەیلوولی 2023)، پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە بدات، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی دووشەممە (18ـی ئەیلوولی 2023) دواخرا، کەچی دووجاری دیکەش دوای ئەو وادەیە، دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە دواخراوە.
هاوکات رۆژی دووشەممە (18ـی ئەیلوولی 2023) فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، " لە رۆژانی رابردوودا وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەردانی لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی عێراق کردووە و پێیان راگەیاندوون پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەخرێتە پاڵ هیچ پرسی بەپارێزگابوونی هیچ قەزایەکی دیکە"، ئامادەیی خۆشیان نیشاندا هەر کاتێک رێکارە ئیداری و یاساییەکانی ئەو قەزایانە تەواوبوو، دەنگیان بۆ بدەن.
هەرچەندە لە (13ـى ئادارى 2014)ـەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی دەکرد و لە ساڵی 2015ـەوە ئەو دۆسیەیە چووە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە ئەوکات نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، بەڵام ئەو پرۆژەیاسایە مایەوە و ئەمساڵ لەلایەن کابینەی سوودانییەوە، رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا.
پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا و دواتر رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا بە مەبەستی پەسەندکردن. ئەم هەنگاوەی حکومەتی عێراقیش، دواى دە ساڵ هات دەرکردنی بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە و تەواوکردنی رێوشوێنە یاسایی و کارگێڕییەکان.
رۆژی یەکشەممە (2ـی نیسانی 2023)، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکدا کە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی دەکرد، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ئەنجامدا. هەروەها لە رۆژی پێنجشەممە (4ـی ئایاری 2023)، پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاساکە کرد.
پرۆژەیاساى بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە چوار ماددە پێکهاتووە لە هۆکاری دەرکردنی یاساکەش نووسراوە، "بە هۆى بەرژەوەندیی گشتی و لە ئەنجامی فراوانبوونی ئاوەدانی و زیادبوونی دانیشتووانی شارى هەڵەبجە، هەروەها بەهۆى ئەو قوربانی و زیانە ماددی، مرۆیی و ژینگەییە گەورەى لە هێرشی کیمیایی رژێمی بەعس لە ساڵی 1988 بۆ سەر شارەکە کەوتووەتەوە، بە پێویست دەزانرێت شارەکە بکرێتە پارێزگا".
لە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا هاتووە، "هەڵەبجە دەبێتە پارێزگای 19ـیەمینی عێراق و لە سنووری ئیداری هەرێمی کوردستان دەبێت و قەزای هەڵەبجە دەبێتە ناوەندی پارێزگاکە".
لە ماددەی دووەمی پرۆژەیاساکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانی عێراق، سنووری ئیداری و یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەستنیشان دەکەن.
هەروەها پرۆژەیاساکە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی یاساکە بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
پارێزگاى هەڵەبجە دەکەوێتە باشوورى رۆژهەڵاتی شارى سلێمانییەوە، لە ناحیەکانی سیروان، خورماڵ، بیارە، بەمۆ پێکهاتووە و لە ساڵی 1889 بووەتە قەزا.
لە 16ـى ئادارى 1988، لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، بە چەکی کیمیایى هێرشی کراوەتەسەر و پێنج هەزار هاووڵاتی کوردی سڤیل بەو هۆیەوە گیانیان سپارد و هەزاران کەسی دیکەش بریندار و پەککەوتە بوون، کەچی تائێستا لەلایەن حکومەتەکانی عێراقەوە، لە هەموو بوارەکانی مرۆیی، سیاسی، یاسایی، تەندروستی و ئاوەدانیدا، قەرەبووی دانیشتووانەکە و شارەکە نەکراوەتەوە.