ئەردۆغان هاوخەمی بۆ قوربانيیانی رووداوەکەی حەمدانییە دەردەبڕێت
K24 – هەولێر:
سەرۆککۆماری تورکیا پرسە و سەرەخۆشی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بۆ گیانلەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتی لە ئەنجامی کەوتنەوەی ئاگر لە هۆلێکی ئاهەنگێڕان لە قەزای حەمدانییە.
رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئەیلوولی 2023)، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی هاوخەمی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نارد بۆ کۆچی دوایی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای حەمدانییە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، لە پەیامەکەدا ئەردۆغان هاوخەمی خۆی و حکومەت و خەڵکی تورکیای دووپاتکردووەتەوە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواستووە.
هەر ئەمڕۆ نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق گواستنەوەی چوار لە بریندارەکانی رووداوەکەی حەمدانییەی بۆ وڵاتی تورکیا راگەیاند بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، کە تیمێکی پزیشکی و هاوەڵی چوار بریندارەکانیش لەگەڵیاندان.
هەرچەندە تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی ئاماری قوربانیانی رووداوەکەی حەمدانییە رانەگەیەندراوە، بەگوێرەی لێدوانی سەرۆکی ئەساقیفەی مووسڵی سریانی کاسۆلیک بۆ کوردستان24، تائێستا 91 تەرمی قوربانیانی رووداوەکەیان ناشتووە.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئەیلوولی 2023)، رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی بەیت نەهرەین بە کوردستان24ـی راگەیاند، تەرمی نزیکە 50 قوربانی هێشتا لە ژێر لێکۆڵینەوە دایە و نەناسراونەتەوە، بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن تیمە پزیشکییەکانەوە پشکنینی دی ئێن ئەیان بۆ دەکرێت، بۆ ناسینەوەی ناسنامەیان و دواتر بەخاک دەسپێردرێن.
هاوکات لە دوای رووداوەکە نزیکەی 70 برینداری رووداوەکە گەیەندرانە نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک و چارەسەری پزیشکییان بۆ دەکرێت و لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانیشەوە، پێداویستییەکان و هاوکاری ماددی بریندارەکان و کەسوکاریان کرا.
درەنگانی شهوی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له هۆڵێكی ئاههنگگێڕانی هاوسهرگیری له قهزای حهمدانییه، ئاگر دهكهوێتهوه و بههۆیهوه زیاتر له 100 كهس گیانیان لهدهستداوهو بهسهدان كهسیش برینداربوون و لهسهر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانهوهی لێكهوتهوه.
دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.