فەرەنسا: چاومان لەوەیە لەگەڵ ئۆکرانیا پێکەوە دەست بە دروستکردنی چەک بکەین

روستەم ئۆمیرۆڤی، وەزیری بەرگری ئۆکرانیا و هاوتا فەرەنسییەکەی سباستیان لۆکۆرنۆ
روستەم ئۆمیرۆڤی، وەزیری بەرگری ئۆکرانیا و هاوتا فەرەنسییەکەی سباستیان لۆکۆرنۆ

K24 - هەولێر:

وەزیری بەرگری فەرەنسا سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا دەڵێت: هەڵوێستی ئێمە روونە و بەردەوام دەبین لە گواستنەوەی چەک بۆ ئۆکرانیا.

سباستیان لۆکۆرنۆ، وەزیری بەرگری فەڕەنسا لە سەردانێکیدا بۆ کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا رایگەیاند: لەم دۆخەکەدا ئێمە چاومان لەوەیە لەگەڵ ئۆکرانیا پێکەوە دەست بە دروستکردنی چەک بکەین.

وەزیری بەرگری فەرەنسا راشیگەیاند، بەردەوام راهێنان بە سەربازانی ئۆکرانیا دەکەن و لەم کارەشیاندا سەرکەوتووبوون، چونکە تا ئێستا راهێنانیان بە حەوت هەزار سەربازی ئۆکرانی کردووە و رەوانەی بەرەکانی جەنگیان کردوون.

گوتیشی: وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ناردنی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا و بڕیاریانداوە مانگانە گولڵە تۆپی 155 میلیگرامی بۆ سوپای ئۆکرانیا بنێرن.

لە 24 شوباتی ساڵی 2022دا، رووسیا هێرشی کردەسەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکەکەی داگیر کرد، لەبەرانبەردا رۆژئاوا بە دابینکردنی چەک هاوکاری ئۆکرانییەکان دەکات و تاوەکو ئێستاش شەڕەکە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ لایەنێك نەبووەتە براوەی جەنگەکە.