حکومەتی عێراق سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

K24 – هەولێر:

بریکاری وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ و شاندی یاوەری سەردانی شاری هەولێریان کرد بەمەبەستی گەیاندنی سوپاس و پێزان و دەستخۆشی بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی و هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و دهۆک.

ئەمڕۆ هەینی (29ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە ساڵح زەمەد، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ و خەمیس حوسێن، بریکاری وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ و شاندی یاوەریان کە سەردانی شاری هەولێر یان کرد، بەمەبەستی گەیاندنی سوپاس و پێزان و دەستخۆشی بۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەشدراوە، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق و بریکاری وەزارتی تەندروستی عێراق سوپاسی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و دهۆکیان کرد لە بەرامبەر بەهاناوەچوونی قوربانییانی رووداوی قەزای حەمدانییە لە پارێزگای موسڵ و پێشوازیکردن و چارەسەرکردنی برینداران و ناردنی هاوکارییەکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆنەخۆشخانەی حەمدانییە.

درەنگانی شه‌وی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له‌ هۆڵێكی ئاهه‌نگگێڕانی هاوسه‌رگیری له‌ قه‌زای حه‌مدانییه‌، ئاگر كه‌وته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه ‌و به‌سه‌دان كه‌سیش برینداربوون و له‌سه‌ر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌.

دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه‌ بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.

هەروەها رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌میانی سه‌ردانی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیمه‌رجه‌نسی شاری هه‌ولێر و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بریندارانی رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌، رایگه‌یاند، رووداوه‌كه‌ی حه‌مدانییه‌ كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی مرۆیی بوو "هاتووین لێره‌ ده‌ستخۆشی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێر بكه‌م، كه‌ به‌ڕاستی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تا و سه‌عاتی یه‌كه‌می روودانی ئه‌و كاره‌ساته‌، ئه‌وان ئه‌مبوڵانسیان نارد."

لەلایەن خۆیەوە، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانیکرد سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە هەرێمی کوردستان رابگەیه‌ندرێت.

س
ز
س