پسپۆڕ و شارەزایانی رووس: نزیکبوونەوەی پوتن و کیم جۆن ئون وەڵامدانەوەیەکی رژدە لە دژی نەیارەکانیان

ئەلیکساندەر ڤارۆنسەڤ، بەرپرسی بەشی کۆریا و مەنگۆلیا لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی و پاڤێڵ لیشاکۆڤ، سەرۆکی بەشی کۆریاناسی و رۆژهەڵاتناسی لە زانکۆی ئابووری باڵا
ئەلیکساندەر ڤارۆنسەڤ، بەرپرسی بەشی کۆریا و مەنگۆلیا لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی و پاڤێڵ لیشاکۆڤ، سەرۆکی بەشی کۆریاناسی و رۆژهەڵاتناسی لە زانکۆی ئابووری باڵا

K24 – رووسیا:

لەگەڵ زیادبوونی هەژموونی ناتۆ لە ناوچەکەدا، رووسیا و کۆریای باکور بەمەبەستی دانانی سنوورێک بۆ فراوانخوازییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی سەریان پەیوەندییەکانیان پتەوتر دەکەن، پسپۆڕ و شارەزایانی رووس لە مۆسکۆ پێیان وایە نزیکبوونەوەی پوتن و کیم جۆن ئون وەڵامدانەوەیەکی رژدە لە دژی نەیارەکانی رۆژئاوا.

سەردانە شەش رۆژییەکەی رێبەری کۆریای باکور بۆ رووسیا و کۆبووەنەوەی لەگەڵ  ڤلادیمێر پوتن، لە مۆسکۆ هێشتا گەنگەشەی لەبارەوە دەکرێت، لەمبارەیەوە ئەلیکساندەر ڤارۆنسەڤ، بەرپرسی بەشی کۆریا و مەنگۆلیا لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەلومەرجی ناوچەکە و جیهان و مەترسی و هەڕەشە نوێیەکان و فراوانبوونی هاوپەیمانی سەربازی ئەمەریکا و ناتۆ،  وادەکەن ئێمەش پەیوەندییەکانمان بەهێز و تۆکمەتر بکەین، ناتۆ وەک رێکخراوی باکوری ئەتڵەسی دامەزرا، کەچی ئێستا هەژموونی خۆی بەرەو ناوچەی زەریای ئارام کێشدەکات".

هاوکات راشیگەیاند، "ئەم هەڕەشانە روو لە رووسیا، چین و کۆریای باکور دەكەن، بۆیە ئێمە هیچ بژاردەیەکمان نییە، جگە لە کاردانەوە و هەڵوێست وەرگرتن و یەکخستنی هەنگاو و بەرپەچدانەوەمان بۆ نەهێشتن و بێزیانکردنی ئەم هەڕەشە و ئالنگارییە نوێیانە، بەكورتی ئەو سەردانەی کیم جۆنگ ئون بۆ یەکخستنی هەڵوێست و کاردانەوەیە بەڕووی ئەو مەترسییە نوێیانەدا کە رووبەڕوومان دەبنەوە ". 

لە 10ساڵی رابروودا، مۆسکۆ %90ـی ئەو قەرزانەی خۆی خۆش بووە كە لەلای كۆریای باكور بوون، هەربۆیە پێۆنگ یانگ، تا ئێستا پابەند نەبووە بەو سزایانەی کە بەسەر رووسیادا سەپێندراون و رەتیشی دەکاتەوە کە هاوکاری مۆسکۆی کردبێت.

لەلایەن خۆیەوە، پاڤێڵ لیشاکۆڤ، سەرۆکی بەشی کۆریاناسی و رۆژهەڵاتناسی لە زانکۆی ئابووری باڵا، بە کوردستان24ـی گوت: "لایەنی سیاسی و سەربازی پەیوەندییەکانی رووسیا و کۆریای باکور بەرەو بەھێزبوونە، سەردانی وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ کۆریا و هاتنی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ ئێرە، سەلمێنەری ئەو راستییەن کە کۆریای باکور لەوە تێگەشتووە کە ڕێکەوتن لەگەڵ ئەمەریکا ئەستەمە، ھەربۆیە، بۆ پتەوکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ رووسیا و چین، هەوڵەکانیان چڕترکردۆتەوە".

هاوکات گوتیشی: "لەڕووی ئابوورییشەوە، شاندێکی بەرفروان لە پسپۆڕانی ئابووری لە رووسیا و کۆریا لەو دیدارەدا ئامادەبوون، ئەمەش جێگای ئومێدە و ئەشێت باری قورسی گەمارۆکان لەسەرمان سووك بکات، ھەروەھا بەبێ گەشەدان و بەرەوپێشچوون لە بواری ئابووریدا، ئەستەمە بتوانین لە بواری کولتووری و فەرهەنگی و بوارەکانی تردا پێشكەوتن بەدەست بھێنین".

لەبەرامبەر فراوانخوازی و زیادبوونی هەژموونی ناتۆ لە زەریای ئارامدا، رووسیا و کۆریای باکور گوڕێکی دیکە بە پەیوەندییەکانیان دەدەن بۆ رووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکانی رۆژئاوا.