کۆنگرەی یەکێتی لە وادەی دیاریکراو تەواو نابێت

دیمەنێکی یەکەم رۆژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی 27/9/2023- سلێمانی
دیمەنێکی یەکەم رۆژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی 27/9/2023- سلێمانی

K24 – هەولێر

بڕیاربوو دوێنێ کارەکانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی کۆتایی بێت، بەڵام کارەکان تەواو نەبوون و ئەمڕۆش کۆنگرە بەردەوامە بەپێی زانیارییەکان بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی.

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، بڕیاربوو دوێنێ کارەکانی کۆنگرەی یەکێتی بە هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ تەواو بێت، بەڵام کارەکانی کۆنگرە نزیکەی کاتژمێر سێ دوای نێوەڕۆ دەستیپێکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، دوێنێ لە کۆی 65 ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی تەنیا 12 ماددەی لە سێیەم پەسندکراوە.

کوردستان24 زانیویەتی، ئەوەی کە زۆرترین گفتوگۆی لەسەرە لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی یەکێتی و ئەنجومەنی پشتیوانییە، کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی راستەوخۆ سەرۆکی هەرسێ ئەنجومەنەکەش دەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان، چەند ئەندامێکی کۆنگرەی یەکێتی پێشنیازیان کردووە دەسەڵاتەکانی بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتی کەم بکرێنەوە، بەڵام تائێستا دیار نییە ئەو بابەتە دەخرێتە دەنگدانەوە یان نا، چونکە هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرە لەگەڵ ئەوەن کە دەسەڵاتەکانی وەکخۆی بمێنێتەوە.

رۆژی 27/9/2023، کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە بەشداری 600 ئەندام و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لە سلێمانی دەسیپێکرد، لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەدا بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرا.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە 1/6/1975 دامەزراوە، لە سێ کۆنگرەدا مام جەلال تاڵەبانی بە سکرتێری حزبە هەڵبژێردراوە، لە دوای کۆچی دوای مام جەلال، لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی کە لە (21ـی کانوونی یەکەمی 2019) بەسترا بەشێک لە پەیکەری رێکخستنی حزبەکەی گۆڕا و بۆ یەکەمجار سیستەمی هاوسەرۆکی لەناو حزبەکە داهێنرا، بەڵام ناکۆکییە ناوخۆییەکانی ئەو حزبە، رووداوەکانی هەشتی تەمموزی 2021ـی بەدوای خۆیدا هێنا و بە بڕیارێک لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو حزبە دوورخرانەوە، کە ئێستا رەخنە لە شێوەی بەستنی کۆنگرە دەگرن.