کۆنگرێسمانەکانی ئەمەریکا سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن لە بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی حەمدانییە

K24 - واشنتن

کۆنگێرێسمانەکانی ئەمەریکا لە رێگەی کوردستان24ـەوە پرسە و هاوخەمی خۆیان بۆ کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکەی حەمدانییە دەنێرن، سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەکەن، کە بەزووی بە هانای لێقەوماوانی کارەساتەکەی حەمدانییەوە چووە و بریندارەکانی گەیاندووەتە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان.

لەوبارەوە کۆنگرێسمان دۆن بەیکن، بە کوردستان24ی گوت: "دەمەوێت پرسەی و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانییەکانی رووداوەکەی حەمدانییە بکەم، من خۆم کرسیتیانم و لە عێراق خزمەتم کردووە، رێزی زۆرم بۆ هاوڕێ کوردەکانم هەیە، بەڕاستی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵەکەی حەمدانییە زۆر بە ئازاربوو".

گوتیشی: "ئێمە رەنگە ئەمەریکی یاخود کورد بین، بەڵام پێش هەموو شتێک ئێمە کرستیانین و دڵمان لەگەڵ قوربانییەکانە، زۆر سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم، کە وەک دراوسێیەکی باش زوو بە هانای کریستیانەکەوە چوو".

کریس سمس، کۆنگرێسمانێکی ئەمەریکایە و ئەو دەڵێ: "زۆر خەمبارین بە لەدەستدانی دەیان کەس لە حەمدانییە، بەڕاستی کارەساتێک بوو ناتوانی بە وشە وەسفی بکەیت. لەم روانگەیەوە دەڵێم، پێویستە حکومەتی عێراق کاری زیاتر بۆ پاراستنی خەڵک بکات، هەم لە رووی ئاسایش و پارێزراوی و تەندروستییەوە تا رووداوی هاوشێوە روونەدات".

Fly Erbil Advertisment