عێراق و تورکیا تاوتوێی پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان" دەکەن

K24 - هەولێر

وەزیری گواستنەوەی عێراق و هاوتا تورکیا گفتوگۆ لەبارەی رێگای گەشەپێدان دەکەن و ئەنقەرە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی بەغدا لەو پڕۆژەیەدا.

بەگوێرەی میدیای فەرمی حکومەتی تورکیا، عەبدولقادر ئورالئۆغڵو وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا لە دیدارێکدا لەگەڵ رەزاق محیبس وەزیری گواستنەوەی عێراق، بە وردی تاوتوێی پرۆژەی رێگای گەشەپێدان'یان کردووە و وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا رایگەیاندووە "بە پلەی یەکەم لەگەڵ عێراق و پاشان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دیکە ئەو ئامادەییەمان تێدایە کە هاوکاریان بین".

بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی گەیاندن و ژێرخانی تورکیا، عەبدولقادر ئورالئۆغڵو وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا لە سەردانێکدا بۆ بەغدا لەگەڵ رەزاق محیبس وەزیری گواستنەوەی عێراق کۆبووەتەوە. لە دیدارەکەدا پەیوەندییە دوو لایەنە و بە تایبەتی پرۆژەی رێگای گەشەپێدانی تورکیا-عێراق تاوتوێکرا.

ئورالئۆغڵو ئاماژەی بەوەداوە، هەماهەنگی نێوان تورکیا و عێراق لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا گرنگە و لەم بارەیەوە رایگەیاندووە "ئەو رێڕەوەی کە لە لووتکەی G20 پەسەند کرا و لە هیندستانەوە دەستپێدەکات وەک رێڕەوێکی ئەلتەرناتیڤ دەبێت، بەڵام بۆ ئێمە رێگای گەشەپێدان بە پلەی یەکەم دێت. بۆیە بە زووترین کات پلان بۆ جێبەجێکردنی رێگاکە دادەنێن. بۆ ئەم مەبەستە و گەیشتنی بە ئەورووپاش لەگەڵ وەزیرانی پەیوەندیدار لە بولگاریا، هەنگاریا و سربیا لیژنەیەکی هاوبەشمان پێکهێناوە و لیژنەیەکی هاوشێوەش دەتوانین لێرە دروست بکەین".

وەزیری گەیاندن و ژێرخانی تورکیا بە پێویستی زانی سەرەتا دەست بکرێت بە تەواوکردنی هێڵی ئاسنی 1200 کیلۆمەتری کە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیە دایە و ئامادەیی دامەزراوەی هێڵی ئاسنی کۆماری تورکیا (TCDD)ی بۆ ئەم مەبەستە راگەیاند.

ئورالئۆغڵو ئاماژەی بەوەشدا لە پێویستە هەماهەنگییەکی تەواو هەبێت لەنێوان تورکیا و عێراق لە هەموو قۆناغەکانی پڕۆژەکەدا بە تایبەت لە بواری تەکنیکیدا و راشیگەیاندووە کە، لەگەڵ عێراق جگە لە هاوکاریی لە بوارەکانی رێگەوبان و ئاسنیندا، دەتوانن لە بواری دەریاییشدا هاوکاری یەکتر بکەن و ئەوە بۆ هەردوو وڵات بە سوود دەبێت.

لە بەرامبەردا وەزیری گواستنەوەی عێراق رەزاق محیبس وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی هاوتا تورکەکەی، ئاماژەی بەوە داوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێنمایی تایبەتی پێداوە کە لە ماوەی دوو مانگدا رێکارەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان تەواو بکرێت.

- "دەتوانین هەڵسەنگاندن بۆ وڵاتانی دراوسێ بکەین ئەگەر بیانەوێت بەشدار بن لە پڕۆژەکەدا"

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێ رێککەوتننامەی نێوان هەردوو وڵات لە بوارەکانی گواستەوە و تڕانزیتیش کراوە.

رێگای گەشەپێدان پێکهاتووە لە رێگەی وشکانی و ئاسنین کە لە رێگەی بەندەری فاو لە باشووری عێراق، دەروازەی پێشابوور لە هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا دەبەستێتەوە و زیاتر لە 25 وڵات بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێی سوودمەند دەبن.

گوژمەی ئەو پرۆژەیە 17 ملیار دۆلارە و وابڕیارە ئەمساڵ یان لە سەرەتای ساڵی 2024 دەستپێبكات و لە 2028 کۆتایی پێدێت، درێژی هێڵی ئاسنینەکە بریتییە لە هەزار و 175 کیلۆمەتر و رێگەی وشکانییەکەش هەزار و 190 کیلۆمەتر درێژە و هەردوو رێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.

پێشتر ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، داوایان کردووە ئەو پڕۆژەیە هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

هەرچەندە پڕۆژەکە بە یەکێک لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەکان هەژمار دەکرێت، بەڵام بەشێک لە چاودێر و ئابووریناسان بە مەترسی دەزانن. د. وەلید خەدووری، ئابووریناسی بەناوبانگی عێراق لە گوتارێکی شیکاریدا رایگەیاندووە "ئەو پڕۆژەیە زیانەکانی بۆ ئابووری عێراق زیاترن لە سوودەکانی".