ئابووریناسێکی عێراقی: پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان"ـى هێڵی ئاسنینی عێراقی پڕە لە مەترسی جیۆسیاسی
K24 - هەولێر
ئابووریناسێکی عێراقی هۆشداری دەدات لە مەترسیەکانی پڕۆژەی (ڕێگەی گەشەپێدان) کە حکومەتی عێراق دەستی بە جێبەجێکردنی کردووە و ئامانجی بەستنەوەی بەندەری فاوی عێراقە بە وڵاتانی ئەوروپاوە، جەختیشی لهوه کردەوە کە زیانەکانی بۆ ئابووری عێراق زیاترن لە سوودەکانی.
د. وەلید خەدووری، ئابووریناسی بەناوبانگی عێراق لە گوتارێکی شیکاریدا، کە ئهمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئەیلوولی 2023، لە رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی لهندهنی بڵاویکردووەتەوە، باسی لەو مەترسی و زیانە داراییانەی کردووە کە دەکرێت بەهۆی دروستکردنی دوو پڕۆژەی هێڵی ئاسنین لە عێراق رووبەڕووی حکومەتی فیدراڵی ببنەوە.
د. وەلید خەدووری دەڵێت: "لەم دواییەدا عێراق رەزامەندی لەسەر دروستکردنی دوو هێڵی ئاسنین دەربڕیوە. یەکەمیان لە بەنداوی گەورەی فاوەوە لە باشووری عێراق تاوەکو تا تورکیا. ئامانج لەم هێڵە ئاسنییە هاندانی بازرگانی و گەشتیارییە لە نێوان عێراق و وڵاتانی کەنداودا و هەروەها بۆ بارکردنی کەشتییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ تورکیا، دواتر بۆ ئەوروپا و ناوەڕاستی ئاسیا. ئەم پڕۆژەیە پێشوازییەکی بەرفراوانی لێ کرا، بەهۆی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بۆ عێراق و وڵاتانی کەنداو. بەڵام دواتر رێککەوتن بۆ دروستکردنی هێڵێکی دووەمی ئاسنین کرا، کە درێژاییەکەی 32 کیلۆمەتر بووە لە نێوان هەردوو شاری شەلامەجییەی ئێرانی و بەسڕە، کە عێراق گوژمەی 230 ملیۆن دۆلاری بۆ دروستکردنی ئەم هێڵە تەرخانکردووە".
لە بەشێکی گوتارەکەدا هاتووە: "لە رۆژی یەکەمەوە ناکۆکی لە نێوان عێراق و ئێران لەبارەی ئامانجی ئەم هێڵەی ئاسنین سەریهەڵدا. ئایا لقەکە بۆ گواستنەوەی سەرنشینانە بۆ مەزراگە پیرۆزەکان لە نەجەف و کەربەلا، وەکو ئەوەی بەرپرسانی عێراق دەڵێن، یان بۆ گواستنەوەی سەرنشین و بارهەڵگرەکانە و ئامرازێکە بۆ بەستنەوەی هێڵی ئاسنی ئێرانی لەگەڵ هێڵی ئاسنی سووری لەرێگەی عێراقەوە، وەکو ئەوەی بەرپرسانی ئێران باسی دەکەن؟".
ئابووریناسە عێراقییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "ناکۆکیی لە نێوان ئەو دوو روانگەیە، ناتەبایی ئابووری و ستراتیژی لە نێوان هەردوولا پێکدەهێنێت، ئەمە بێجگە لە جۆری تەکنیکی بارهەڵگرەکانی سەر هێڵەکە (بۆ گواستنەوەی بار یان سەرنشین)."
ئەوەشی خراوەتەڕوو: "لە ماوەی رابردوودا وەزیری گواستنەوەی ئێران رایگەیاندبوو، پردێکی جووڵاو بە درێژایی 880 مەتر لەسەر شەتولعەرەب لە عێراق، لەلایەن بەڵێندەرە ئێرانییەکانەوە دروست دەکرێت و، کۆمپانیای هێڵی ئاسنی عێراقی بەرپرسیار دەبێت لە دروستکردنی ژێرخانی پڕۆژەکە. لە لایەکی دیکەوە ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەستنەوەی شەلامەجە بە بەسرە، هاتووچۆی هاووڵاتییان و کاڵاکان لە نێوان هەردوو وڵات، لە نێویشیاندا گەشتیاری ئایینی هاندەدات و دەبێتە هۆی تەواوکردنی بەستەری ونبوو لە ناوچەکەدا، واتە بەستنەوەی تۆڕی هێڵی ئاسنی سەرەکیی ئێران لەگەڵ هێڵی ئاسنیی سووریا و ئوردن لەرێگەی عێراقەوە".
وەکو ئەوەی د. وەلید خەدووری ئاماژەی پێ کردووە: "پلانێک هەیە بۆ دروستکردنی هێڵێکی دیکەی ئاسنین کە لە باکووری عێراقەوە بۆ سووریا (لە ڕێگەی ناوچەی رۆژهەڵاتی فۆراتەوە) درێژدەبێتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە، هێڵی ئاسنی ئێرانی لەگەڵ هێڵی ئاسنی سووریا لەرێگەی عێراقەوە دەبەسترێتەوە. لەژێڕ رۆشنایی پێشهاتەکانی ئێستای ناوچەکە و بەتایبەت سیاسەت و تموحەتەکانی ئێران لە وڵاتانی عەرەبی؛ زێدەباری لێدوانەکەی ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئامانجەکە "ستراتیژی" و "سەربازییە" لە رێگەی بەستنەوەی هێڵە ئاسنییەکانی ئێران و سووریا".
رەزاق موحەیبیس سعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراقی لە مانگی نیسانی رابردوو جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی هێڵی ئاسنی بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران لە نێوان هەردوو ساری شەلامجە و بەسرە راگەیاندبوو. هاوکات رۆژنامەی شەرقولئەوسەت رۆژی 3ـی ئەیلوول لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا رایگەیاندبوو، "ئامانج لە پڕۆژەکە تەنها گواستنەوەی زیارەتکارانە (نەک کاڵا) و هەنگاوەکە هاتووچۆ گەشتیاری ئایینی لە نێوان هەردوو وڵآت و ناوەڕاستی ئاسیا چالاک دەکات".
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەو بارهەڵگرانەی لە دیزاینە تەکنیکییەکەی پڕۆژەکەدا دانراون، تەنها بۆ گواستنەوەی زیارەتکارانن نەک گواستنەوەی کاڵاکان. لەسەر هەمان پرس رۆژنامەکە بڵاویشیکردبووەوە، ئەو لێدوانە، "پێچەوانەی ئەو مشتومڕەیە کە لە ئێستادا لە ناوخۆی عێراق دەوروژێندرێت، لەبارەی لێدوانەکانی سوودانی، کاتێک ئەندامی پەرلەمان بوو و ئەو کات بەستنەوەی هەر هێڵێکی ئاسنی رەتکردەوە، بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر چالاکییەکانی بەندەری فاو".
ئابووریناسە عێراقییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، "دروستکردنی هێڵێکی ئاسنی لەم قۆناغەدا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لەڕێگەی ناوچەی رۆژهەڵاتی فۆرات لە سووریا و بەرەو کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست، پڕۆژەیەکی پڕ لە مەترسی جیۆسیاسییە. هەواڵەکان لەم قۆناغەدا لە رۆژهەڵاتی فۆرات ئاماژە بە سەرهەڵدانی پێکدادانی چەکداری رۆژانە دەدەن و، چاوەڕێ ناکرێت ئام ناوچەیە کە هاوسنوورە لەگەڵ عێراق، ئێران و تورکیا لە داهاتوویەکی نزیکدا ئارامی بەخۆیەوە ببینێت، بەهۆی بوونی هێزەکانی ئەمەریکا، رووسیا، تورکیا و (داعش) و، هەرەوەها عەشیرەتە عەرەبەکان، حزب و هێزە کوردییەکان و هێزەکانی سوپای عەرەبی سووری و بۆردوومانی ئاسمانی ئیسرائیلی."
ئەوەی د. وەلید خەدووری پێیوایە، "دواخستنی ئەم بەستەرە لقییە لە هێڵەکە کە ئامانجی بەستنەوەی هێڵی ئاسنی ئێران و سووریایە، باشترین چارەسەرە لە ئێستادا، ئەگەر نا هێڵەکە و شەمەندەفەرەکان بەردەوام لەژێر هەڕەشەی تێکدان و لەناوبردندا دەبن بەهۆی بوونی ململانێیە سەربازییەکان کە لە ئێستادا هەن و چاوەڕێ دەکرێت زیاتر پەرەسبێنن".
د. وەلید خەدووری دەپرسێت، "بۆ ملیۆنان دۆلار بۆ درێژکردنەوەی هێڵێکی ئاسنی بەسەر ناوچەیەکی مەترسیدار لەرووی سەربازییەوە خەرجبکرێت، کە تێچووی چاککردنەوەی بەردەوام و بەرزبوونەوەی سیاستەکانی بیمە لە ئەستۆی حکومەتی عێراق دەبێت، چونکە خۆی هێڵەکەی دروستکردووە و بەرپرسیارە لە هێڵەکە و ئەو کاڵانەی لەڕێگەیەوە تێپەڕدەبن؟ بۆ عێراق هێڵە ئاسنییە نوێیەکەی لە چوارچێوەی سنوورەکەیدا دروست ناکات، بە بەستنەوەی بەندەری فاوی گەورە بە خۆرمشهری سنووری، تورکیا و دواتر بازاڕەکانی ئەوروپا و ناوەڕەستی ئاسیا؟".
ئابووریناسیە عێراقییەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەشڵێت: "بۆچی عێراق بخەینە بەردەم پڕۆژەیەکی گەورە لە ناوچەیەکی جەنگدا و بەرژەوەندییەکەی لەوەدا چییە؟ سەبارەت بە پەیوەندیی هێڵی ئاسنینی ئێران لەگەڵ سوریا، پەیوەندیی نێوان عێراق و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئەم پەیوەندییەدا لە هەلومەرجەکانی ئێستادا کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەو وڵاتە تووشی بەڵا بووە چییە؟ ئەم بەستنەوەیە کە دواجار ئامانجی سەرەکی بەستنەوەی ئێران و سوریایە، لە بەرژەوەندی ئابووری و ستراتیژی عێراقدا نییە ئەگەر سیاسەتە ناوچەییەکان بەردەوام بن لە لاوازکردنی وڵاتانی عەرەبی."