لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی حەمدانییە: هۆڵەکە بەهۆی یارییە ئاگرینەکانەوە گڕی گرتووە
K24 - هەولێر:
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی رووداوەکەی قەزای حەمدانییە راگەیاند.
لیوا سەعد فالح، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە رایگەیاند، رووداوەکە بەمەبەست نەبووە و بەهۆی یارییە ئاگرینەکان و ئەو کەرەستانەوە بووە کە لە رازاندنەوەی هۆڵەکەدا بەکارهاتووە.
سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە ئاماژەی بەوەدا، "بەهۆی ئەو رووداوە 107 کەس گیانیان لەدەستداوە و 82 کەسیش بریندار بوون".
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی لیژنەکە، بەهۆی یارییە ئاگرینەکانی نێو هۆڵەکە کە تا چوار مەتر بەرزبوونەتەوە، بنمیچی هۆڵەکە ئاگری گرتووە.
عەبدول ئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لەو کۆنفراسە رۆژنامەوانیەدا رایگەیاند، خاوەنی هۆڵەکە میمۆری کامێراکانی چاودێری هۆڵەکەی بردووە و هەڵاتووە بەرەو هەولێر، بەڵام لەوێ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە، گوتیشی: ژمارەی ئامادەبووانی ئاهەنگەکە لە توانای هۆڵەکە زیاتر بووە و لەکاتی رووداوەکەدا نزیکەی 600 کەس توانیوانە هۆڵەکە بەجێبهێڵن.
لیوا کازم سەلمان بوهان، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و پشکنینی هۆڵەکە دەرکەوتووە، ئاگرکەوتنەوەکە لە ئەنجامی یارییە ئاگرینەکان بووە و لە بنمیچی هۆڵەکە ماددەی ئەزبێز و ساندویچ پەناڵ و ماددەی پلاستیکی دیکە هەبووە، کە هەموو ئەوانە بەشێوەیەکی خێرا گڕدەگرن.
لیوا کازم ئاماژەی بەوەشدا، لە رازاندنەوەی هۆڵەکەدا قوماشی سەتان بەکارهاتووە، کە بە خێرایی گڕ دەگرێت، گوتیشی: لەو هۆڵەدا ژمارەیەکی زۆری خواردنەوە کحولییەکان هەبووە و دەرگایەکی تایبەت بە کاتی رووداوەکان و دەرچوون بۆ دەرەوە نەبووە.
درەنگانی شهوی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له هۆڵێكی ئاههنگگێڕانی هاوسهرگیری له قهزای حهمدانییه، ئاگر كهوتهوه و بههۆیهوه زیاتر له 100 كهس گیانیان لهدهستدا دەیان کەس برینداربوون و ژمارەیەکی دیکەش لە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە تا ئێستا بێسەروشوێنن.
رووداوەکە لهسهر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانهوهی لێكهوتهوه و کەسوکاری قوربانییەکانیش داوا دەکەن هەرکەس کەمتەرخەمبووە دادگایی بکرێت.