پەکەکە بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی ئەنقەرە راگەیاند

دیمەنی دوای هێرشەکەی ئەنقەرە - وێنە: AFP
دیمەنی دوای هێرشەکەی ئەنقەرە - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەرپرساریەتی خۆی لە هێرشەکەی ئەمڕۆی ئەنقەرە راگەیاندووە.

رۆژی یەکشەممە (1ـی تشرینی یەکەمی 2023)، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، پەکەکە لە بەرپرسیاریەتی خۆی لە هێرشەکەی ئەنقەرە راگەیاندووە، کە بووە هۆی برینداربوونی دوو ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەمنییەتی ئەنقەرە.

فەرماندەیی ناوەندیی پاراستنی گەل کە باڵێکی سەربازیی پەکەکەیە ئاشکرای کردووە، هێرشەکەی سەر وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لەلایەن دوو ئەندامیانەوە بە ناوەکانی رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین ئەنجام دراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەنجامی ئەم کارەیان مەبەستداربووە لە ناوچەیەکی نزیک پەرلەمان و لە رۆژی کردنەوەی وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمان، پێشتر پلانی بۆ دانراوە و بەبێ هیچ بەربەستێکیش جێبەجێ کرا.

ناوەندی پاراستنی گەل راشیگەیاندووە، لە داهاتوودا وردەکاری چالاکییەکە و ناوی فەرمی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە بڵاودەکەنەوە.

لەلایەن خۆیەوە، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، نزیکەی کاتژمێر 09:30، دوو تیرۆریست کە بە ئۆتۆمبێلێکی بازرگانییەوە هاتوونەتە بەردەم دەروازەی هاتنە ژوورەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، هێرشێکی ترۆریستییان ئەنجام داوە".

بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، "یەکێک لە تیرۆریستەکان خۆی تەقاندووەتەوە و یەکێکی دیکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بەهۆی رووداوەکەوە، "دوو ئەفسەری پۆلیس بە سووکی بریندرابوون".