فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دۆڵە رەقە و دۆڵی باڵەیان بۆردومان دەکەن

بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکان - وێنە: ئەرشیف
بۆردومانکردنی ناوچە سنوورییەکان - وێنە: ئەرشیف

K24 – رانییە:

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەچڕی زنجیرە چیای بێرمکە لە سنووری دۆڵە رەقە و دۆڵی باڵەیان لە سنووری قەزای چۆمان بۆردومان دەکەن.

ئەمشەو (1ـی تشرینی یەکەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەچڕی زنجیرە چیای بێرمکە لە سنووری دۆڵە رەقەیان بۆردومان کرد.

هەروەها پەیامنێری کوردستان24 راشگەیاند، هەر ئەمشەو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا دۆڵی باڵەیان لە سنووری قەزای چۆمان بۆردمان کردووە.

گوندنشینانی ناوچە بۆردومانکراوەکان بە کوردستان24ـیان راگەیاند، پێنج تا شەش جار چیای بێرمکە و دەوروبەری گوندەکانیان بۆردومان کردووە. هاوکات ئاماژەیان بەوەشکردووە، تائێستا زیانەکان نەزاندراون بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی زۆری لەناو گوندنشینان بڵاوکردووەتەوە و مەترسی دووبارە بۆردومانکردنەوەی ناوچەکەیان هەیە.

شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

چەندین ساڵ دەبێت بەسوودوەرگرتن لـە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان، پەكەكە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستانی كردووەتە شوێنی ململانێكانی خۆی، بەمەش نائارامی و پشێویی دروستكردووە و بە سەدان گوند چۆڵكراون، جگە لەوەی كە زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانی سڤیل كەوتووە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تاوەكو ئێستا 274 گوند لە سنووری پارێزگای دھۆك بەھۆی شەڕەكەوە چۆڵكراون كە 250ـیان دەكەونە سنووری قەزای ئامێدی و 24 گوندیش دەكەونە سنووری قەزای ئاكرێ. ھەروەھا 47 گوند لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەھۆی پێكدادانەكانەوە چۆڵكراون.

ھەرچی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، 188 گوند بەھۆی شەڕی پەكەكە و توركیاوە چۆڵكراون، كە 104ـیان دەكەونە سنووری قەزای سیدەكان، 65 گوندیان لە قەزای مێرگەسوور و 15 گوندیش لە سنووری چۆمان و 4 گوندیش لە سنووری قەزای رواندز چۆڵكراون.

شەڕی پەکەکە زیانێكی زۆر بەر ناوچە گەشتیارییەكانیش گەیاندووە، لەوانە 25 ھاوینەھەوار لە زاخۆ بوونەتە ناوچەی شەڕ و زیانێكی زۆریان بەركەوتووە، ھەروەھا 10 ناوچەش كەوتوونەتە ژێر كاریگەری پێكدادانەكانەوە.

رۆژی (21ـی ئەیلوولی 2023) ئیحسان چه‌له‌بی، قایمقامی سیده‌كان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە 2017ـەوە تاکوو ئێستا بە هۆکارەکانی بۆردومانی تورکیا و ئێران و پێدا تەقینی بۆمبە چێندراوەکانی پەکەکە بەداخەوە 27 هاووڵاتی ناوچەکە شەهید و بریندار بوونە، ئەوەی مەترسییەکانی زیاتر کردووە دانانەوەی بۆمبە چێندراوەکانی پەکەکەیە بۆ سەر دانیشتوانی ناوچەکە، بەتایبەت لە ناوچە کوێستانی و لەوەڕگاکان".

لەگەڵ ئەوەشدا، ره‌وشی خراپی ده‌ڤه‌ری برادۆست به‌هۆی په‌كه‌كه‌ و تێكهه‌ڵچوونه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا ‌ وێرای زیانی زۆری گیانی و ماڵی و به‌زاندنی سنوور به‌قوڵایی زیاتر له‌ 30 کیلۆمەتر له‌لایه‌ن توركیا،  له‌كۆی 264 گوندی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ش تا ئێستا 118ـیان چۆڵن و مه‌ترسی چۆڵبوونیش له‌سه‌ر 20 گوندی دیكه‌ هه‌یه‌.