عێراق: 12 خاڵی سنوورییمان لەگەڵ ئێران داناوە
"ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق تەواوی سنوورەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەپارێزن"

K24 - هەولێر
جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەمنییدا 12 خاڵی سنوورییان لەگەڵ ئێران داناوە.
فەریق روکن قەیس خەڵەف محەمداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان بە ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق رایگەیاندووە: "دوای واژۆکردنی رێککەوتننامە ئەمنییەکە، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی و ئەفسەرانی پسپۆڕ لە وەزارەتەکانی بەرگریی، ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکان پێکھێنرا، نزیکەی یەک ساڵە لیژنەکە کار دەکات، بۆ ئەوەی بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی رێکەوتننامەکە دابنێن".
گوتیشی: "ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، تەواوی سنوورەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەپارێزن و لایەنە دژبەرەکانی ئێران لە سنوور دوور خراونەتەوە و لەو ناوچانەی کە بۆیان دیاریکراوە، نیشتەجێ کراون".
باسی لەوەشکردووە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەمنییدا، 12 خاڵی سنووریی لەگەڵ ئێران دانراون و ھێزی پاسەوانی سنووری عێراق لەو خاڵە سنوورییانە، جێگیرکراون.
لە 19ی ئاداری 2023، بە سەرپەرشتی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، رێککەوتننامەیەکی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئێران واژۆ کرا کە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، بە نوێنەرایەتی عێراق و عەلی شەمخانی سکرتێری گشتیی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بە نوێنەرایەتیی ئێران واژۆیان کرد. دوو خاڵی نێو رێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران، تایبەتن بە چەککردنی لایەنە دژبەرەکانی ئێران، ھەروەھا کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی نێوان ھەردوو وڵات.
رۆژی 19ی مانگی ئەیلوولی 2023، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەمنی ھاوبەشی عێراق و ئێران رایگەیاند، کە بارەگاکانی حزبە دژبەرەکانی ئێران لە نزیک سنووری ئێران چۆڵ کراون و ھێزی پاسەوانی سنووری عێراق لەو ناوچانە جێگیرکراون.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ 1/10/2023، شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی بەرەو ئێران سەردانی ئێرانی کرد، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامی شاندەکەیە. بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی قاسم ئەعرەجی، مەبەسەت لە سەردانەکە بۆ تەواوکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان عێراق و ئێرانە.