لە هەولێر و سلێمانی یادی لە دایکبوونی غاندی و سەربەخۆیی هیندستان دەکرێتەوە
K24 – هەولێر
لە دوو رێوڕەسمی جیادا لە هەولێر و سلێمانی یادی لەدایکبوونی مههاتما غاندى و رۆژی سەربەخۆیی هیندستان کرایەوە.
پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 2/10/2023، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و مەدان گۆپاڵ، كونسوڵی گشتیی هیندستان له هەولێر، بە بۆنەى 154 ساڵەى له دایكبوونى مههاتما غاندى و 77 ساڵەى سەربەخۆیی هیندستان، لە پارکى شەهید سامى عەبدولرەحمان تاجە گوڵینە لەسەر پەیکەرى غاندى دانرا.
پارێزگارى هەولێر لە وتەیەکدا وێڕاى پیرۆزبایی لە گەل و حکومەت و کونسڵخانەى وڵاتى هیندستان لە هەولێر، جەختی لە هەماهەنگی نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى هیندستان و پەرەپێدانى پهیوهندییهكانی نێوان پارێزگاى هەولێر و کونسڵخانەى هیندستان له هەولێر بە مەبەستى خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتییانى هەردوولا کردەوە.
ئومێد خۆشناو ئاماژەشى بەوەدا، بوونى پەیکەرى غاندی لەنێو پارکی شەهید سامى عەبدولرەحمان مانایەکى گەورەیە بۆ ئەو پەیوەندییە تۆکمەیەى لەنێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى هیندستان هەیە.
لە 17/9/2019، لە هەولێر پەردە لە سهر پهیكهری "غاندی" بۆ یادی سەربەخۆیی هیندستان و 150 ساڵهی لهدایكبوونی لادرا، غاندی، مۆھانداس کرمشاند (1869 -1948) یەکێک لە گەورە سەرکردە سیاسیەکانی سەدەی بیستەم، ھیندییەکان ناویان نا مەھاتما واتا گیانی مەزن، یارمەتیدەرى وڵاتەکەیان بوو لە ئازاد کردنی ھیندستان لە دەسەڵاتی بەریتانی بە شێوازێک کە تەنھا بەرگری بوو دوور لە توندوتیژی، ھیندییەکان وەکو باوکی نەتەوەیی خۆیان دایدەنێن.
لەلایەکی دیکە و هەر ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: "لە هەواری شار، بە ئامادەبوونی راجات غۆش جێگری کونسوڵی هندستان لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە لە سلێمانی، لە بەردەم پەیکەری غاندیدا، یادی سەدو پەنجاو چوارەمین ساڵەی رۆژی لەدایکبوونی جوامێر مەهاتما غاندیمان کردەوە".







