سوودانی بەرەو قەتەر بەڕێکەوت

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەغدای بە جێهێشت و بەرەو وڵاتی قەتەر بەڕێکەوت.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرەو وڵاتی قەتەر بەڕێکەوت بۆ بەشداری کردن لە ئاهەنگی کردنەوەی پێشانگەی ئیکسپۆ دەوحە 2023-2024".
ئەمڕۆ دووشەممە،2ـی ئۆکتۆبەری 2023، میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، بەئامادەبوونی ژمارەیەک سەرۆک و بەرپرسانی حکومی وڵاتان، پێشانگەی ئێکسپۆ 2023-2024 لە دەوحە دەکاتەوە.
پێشانگەی ئێکسپۆ لە دەوحە یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی باخداریی (ئەی 1) لە قەتەر و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقایە، کە لە ژێر دروشمی "بیابانی سەوز، ژینگەیەکی باشتر" بەڕێوەدەچێت و تا 28ـی ئاداری 2024، بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی داهێنانەکان بەردەوام دەبێت.
مەبەستی پێشانگەکە گەشەپێدانی بەردەوامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون، هەروەها تیشک دەخاتە سەر چوار تەوەری سەرەکی کە بریتین لە کشتوکاڵی مۆدێرن، تەکنەلۆجیا و داهێنان، هۆشیاری ژینگەیی، بەردەوامی.