هێزە ئەمنییەکانی تورکیا 20 کەس بە تۆمەتی تەقینەوەکەی ئەنقەرە دەستگیردەکەن

رووداوەکەی ئەنقەرە - وێنە: AP
رووداوەکەی ئەنقەرە - وێنە: AP

K24 – هەولێر:

لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەبارەی تەقینەوەکەی ئەنقەرە بەردەوامە و وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان ئەنجامەکان رادەگەیەنن.

رۆژی دووشەممە (2ـی تشرینی یەکەمی 2023)، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، "لێکۆڵینەوەی یاسایی و بەدواداچوونەکان بەشێوەیەکی فراوان بەردەوامە. لە کردەوە خۆکوژییەکەدا یەکێک لە تیرۆریستەکان خۆی تەقاندەوە و ئەوی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانمانەوە کوژرا. ناسنامەی کوژراوەکە دەستنیشانکرا و کارەکان بۆ دەستنیشانکردنی خۆکوژەکە بەردەوامە".

یڵماز تونچ ئاشکرایکرد، رووداوەکە لە پارێزگای قەیسەری دەستیپێکردووە و "تیرۆریستەکان" کەسێک دەکوژن و دواتر ئۆتۆمبێلەکەی دەدزن و بەرەو ئەنقەرە دێن بۆ ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر وەزارەتی ناوخۆ.

هەروەها وەزیری دادی تورکیا باسی لەوەشکردووە، لەگەڵ کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکان، ئەنجامەکان رادەگەیەنین و رایگەیاندووە، ئەنقەرە رژدە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هێزەکانیان بەردەوام دەبن لە ئۆپراسیۆنەکان.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی دووشەممە (2ـی تشرینی یەکەمی 2023) لە پارێزگاکانی ئیستانبوڵ و کرککالەی، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان ئەنجامدا و نزیکەی 20 کەسیان دەستگیرکرد کە بەشێکیا بەرپرسیاریەتییان لە پارەتەکانی هەدەپە و چەپی سەوز هەیە. بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە تەقینەوەکەی ئەنقەرەوە.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان توانیویانە ناسنامەی یەکێک لە هێرشبەرانی تەقینەوەکەی ئەنقەرە ئاشکرا بکەن کە بەپێی زانیارییەکان، هێرشبەرەکە ناوی هێسن ئۆگوزە، نازناوی "کانیڤار ئەرداڵ"ـی پێدراوە و ئەندامی پەکەکەیە.

دوای رووداوەکەی ئەنقەرەش، رۆژی یەکشەممە (1ـی تشرینی یەکەمی 2023)، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە سنووری هەرێمی کوردستان 20 بارەگای پەکەکەیان لە ناوچەکانی مەتینا، خواکورک، قەندیل و گارە بۆردومان کردووە.

وەزارەتی بەرگری جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، لەو ئۆپراسیۆنەدا، فڕۆکەی جەنگی بەکارهێناوە بۆ بە ئامانجگرتنی چەکدارانی پەکەکە لەو ناوچانەی بۆردومانکراون.

هەر دوێنێ، باڵێکی سەربازی سەر بە پەکەکە بەرپرسایەتی خۆی لە هێرشەکەی ئەنقەرە راگەیاند، کە بووە هۆی برینداربوونی دوو ئەفسەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەمنییەتی ئەنقەرە.

دوای رووداوەکەش عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، " رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، نزیکەی کاتژمێر 09:30ـی بەیانی، 'دوو تیرۆریست' کە بە ئۆتۆمبێلێکی بازرگانییەوە هاتوونەتە بەردەم دەروازەی هاتنە ژوورەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، هێرشێکی ترۆریستییان ئەنجام داوە".

بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، "یەکێک لە 'تیرۆریستەکان' خۆی تەقاندووەتەوە و یەکێکی دیکەشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوە". ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بەهۆی رووداوەکەوە، "دوو ئەفسەری پۆلیس بە سووکی بریندرابوون".

دوای رووداوەکەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەنقەرەیان کرد و جەختیان لە پێویستی هەماهەنگی و هاوکاری زیاتر لە دژی چالاکی و گرووپە تیرۆریستییەکان کردەوە.

هەروەها ناتۆ و ئەمەریکا، وڵاتانی فەرەنسا، ئەڵمانیا، سویدیش هێرشەکەی پەکەکەیان بۆ سەر ئەنقەرە ئیدانە کرد و هاوخەمی خۆیان بۆ تورکیا دەربڕی.

ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 1984ـەوە تائێستا بەردەوامە کە ئەو رێکخراوە لەلایەن تورکیا، ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپاوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون، کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

چەندین ساڵ دەبێت بەسوودوەرگرتن لـە ئەزموونی ھەرێمی كوردستان، پەكەكە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستانی كردووەتە شوێنی ململانێكانی خۆی، بەمەش نائارامی و پشێویی دروستكردووە و بە سەدان گوند چۆڵكراون، جگە لەوەی كە زیانێكی زۆری گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانی سڤیل كەوتووە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، تاوەكو ئێستا 274 گوند لە سنووری پارێزگای دھۆك بەھۆی شەڕەكەوە چۆڵكراون كە 250ـیان دەكەونە سنووری قەزای ئامێدی و 24 گوندیش دەكەونە سنووری قەزای ئاكرێ. ھەروەھا 47 گوند لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەھۆی پێكدادانەكانەوە چۆڵكراون.

ھەرچی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، 188 گوند بەھۆی شەڕی پەكەكە و توركیاوە چۆڵكراون، كە 104ـیان دەكەونە سنووری قەزای سیدەكان، 65 گوندیان لە قەزای مێرگەسوور و 15 گوندیش لە سنووری چۆمان و 4 گوندیش لە سنووری قەزای رواندز چۆڵكراون.

شەڕی پەکەکە زیانێكی زۆر بەر ناوچە گەشتیارییەكانیش گەیاندووە، لەوانە 25 ھاوینەھەوار لە زاخۆ بوونەتە ناوچەی شەڕ و زیانێكی زۆریان بەركەوتووە، ھەروەھا 10 ناوچەش كەوتوونەتە ژێر كاریگەری پێكدادانەكانەوە.

رۆژی (21ـی ئەیلوولی 2023) ئیحسان چه‌له‌بی، قایمقامی سیده‌كان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە 2017ـەوە تاکوو ئێستا بە هۆکارەکانی بۆردومانی تورکیا و ئێران و پێدا تەقینی بۆمبە چێندراوەکانی پەکەکە بەداخەوە 27 هاووڵاتی ناوچەکە شەهید و بریندار بوونە، ئەوەی مەترسییەکانی زیاتر کردووە دانانەوەی بۆمبە چێندراوەکانی پەکەکەیە بۆ سەر دانیشتوانی ناوچەکە، بەتایبەت لە ناوچە کوێستانی و لەوەڕگاکان".

لەگەڵ ئەوەشدا، ره‌وشی خراپی ده‌ڤه‌ری برادۆست به‌هۆی په‌كه‌كه‌ و تێكهه‌ڵچوونه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا ‌ وێرای زیانی زۆری گیانی و ماڵی و به‌زاندنی سنوور به‌قوڵایی زیاتر له‌ 30 کیلۆمەتر له‌لایه‌ن توركیا،  له‌كۆی 264 گوندی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ش تا ئێستا 118ـیان چۆڵن و مه‌ترسی چۆڵبوونیش له‌سه‌ر 20 گوندی دیكه‌ هه‌یه‌.