هەشت برینداری دیکەی رووداوەکەی حەمدانییە گیانیان لەدەستدا
K24 - هەولێر:
دوێنێ دووشەممە (2ـی ئۆکتۆبەری 2023)، هەشت برینداری دیکەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی حەمدانییە گیانیان لەدەستدا و ئەمڕۆ بەخاک سپێردران.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەو هەشت بریندارەی رووداوەکەی حەمدانییە کە دوێنێ بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا، لە گۆڕستانی قیامە لە قەزای حەمدانییە بەخاک سپێردران.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشدا، باوکی (حەنین ریاز) بووکەکەی حەمدانییە، یەکێک بوو لە قوربانییەکانی رووداوەکە کە دوێنێ بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.
درەنگانی شەوی 26ی ئەیلوول، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە قەزای حەمدانییە، زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه بچن، دواتر ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواسترانهوه.
وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش سەبارەت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی رووداوەکە دوێنێ رایگەیاند، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە یارییە ئاگرینەکانی ناو هۆڵەکە و ئەو ماددانە بووە کە لە رازاندنەوەی هۆڵەکەدا بەکارهاتووە.
بەشێك لە کریستیانەکانی عێراق و کوردستان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان رازی نین و داوا دەکەن هەرکەس کەمتەرخەم بووە سزا درێت.
لەلای خۆشیەوە، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پارتریاکی کەنیسەی کلدانی کاسۆلیکی لە عێراق و جیهان رایگەیاند، هۆکاری کارەساتەکەی حەمدانییە یاریی ئاگرین نەبووە، بەڵکو دەستی لەپشت بووە و کەسێک بە مەبەست ئەنجامی داوە.
هەر سەبارەت بەو رووداوە و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، لەلای خۆیەوە، مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ سەرۆکی ئەساقیفهی ئەبرەشییەی سریانی مووسڵ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کریستیانەکان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی رووداوهكهی حەمدانییە رازی نیین. گوتیشی: "داوای خوێنی شەهیدانی خۆمان دەکەین".