بەهۆی هێرشێکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە هەزاران هاووڵاتی سوودانی هەڵاتن
K24 - هەولێر
دوای ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا هێرشیان کردە سەر شارۆچکەیەک لە ناوەراستی سوودان، بە هەزاران هاووڵاتی سوودانی هەڵاتوون و شوێنەکانیان بە جێهێشت.
ئەو کەسانەی هەڵاتوون رایانگەیاندووە، زیاتر لە 15 هەزار دانیشتووی شارۆچکەی "وەد عەشانا" کە دەکەوێتە ویلایەتی کۆردۆفانی باکوور لەسەر سنووری ویلایەتی نیلی سپی هەڵاتوون، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە 50 ئۆتۆمبێلی چەکداری هێرشیان کردووەتە سەر شارۆچکەکە.
تەیب عەبدولباقی، یەکێکە لە هەڵاتووەکانی شارۆچکەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "ئێمە چەند کاتژمێرێک لەمەترسیدا دەژیاین، دراوسێکەم و ئامۆزاکەم بە فیشەکی هەڕەمەکی کوژران".
گوتیشی: "تا هەفتەی رابردوو بارودۆخی شارۆچکەکە ئارام بوو، کاتێک هێزێکی سوپای سوودان گەیشتنە رۆژئاوای شارۆچکەکە و لەوێ نیشتەجێ بوون، دوای سێ رۆژ، هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە شاری ئوم رەوابە لە ویلایەتی کۆردۆفانی باکوورەوە جوڵەیان کرد و هێرشیان کردە سەر هێزەکانی سوپا و دواتر هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی وەد عەشانە".
هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە رێگەی پلاتفۆڕمی"X" رایگەیاند، "کۆنتڕۆڵکردنی گاریسۆنی ناوچەی وەد عەشانە لە ویلایەتی کۆردۆفانی باکوور لە پاشماوەکانی لایەنگرانی رژێمی پێشوو پاککرایەوە.
ئەحمەد، یەکێکە لە هەڵهاتووەکان و خاوەن دوکانێکە لە بازاڕی وەد عەشانە دەڵێت: بازاڕەکە بەتەواوی تاڵان کرا، ئێمەش تەنها بەو جلوبەرگانە دەرچووین کە لەبەرمانبووە، دەیان خانەوادە بەهۆی توندوتیژییەکانەوە هەڵاتوون لە قوتابخانەکانی گوندی عدێداب کۆبوونەوە، کە هیچیان لەگەڵ خۆیاندا نەهێناوە، تەنیا پشتیان بەو هاوکارییانە بەستووە کە خەڵکی گوندەکە پێشکەشیان دەکەن.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی سوودان لە 15ـی نیسانەوە لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە خەرتوم و ناوچەی دارفور لە رۆژئاوای سوودان نزیکەی 7 هەزار و 500 کەس کوژراون، کە لانیکەم 435 یان منداڵن.