ئۆکرانیا تێکشکاندنی 29 درۆنی رووسی راگەیاند
K24 – هەولێر:
فەرماندەیی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، لەنزیک نیمچەدوورگەی کریمیا 29 درۆنی سوپای رووسیایان تێکشکاندووە، کە بۆ هێرشکردنەسەر پێگەکانی ئۆکرانیا نێردرابوون.
فەرماندەیی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، رووسیا شەوی رابردوو بە 31 درۆن و چەند مووشەکێکی کروز هێرشیکردووەتەوە سەر بنکەکانی ئۆکرانیا لەنزیک نیمچەدوورگەی کریمیا، بەڵام توانیویانە 29 درۆن و موشەکێکی کروز تێکبشکێنن.
ئاماژەی بەوەشدا، هێرشەکەی رووسیا نزیکەی سێ کاتژمێری خایاندووە، تیایدا ژمارەیەک کەشتی جەنگی رووسیش بەشدارییان تێداکردووە.
نیمچە دوورگەی کریمیا، دەکەوێتە باشووری ئۆکرانیا و بەسەر قەراغی دەریای رەشدا دەڕوانێت. ساڵی 2014 لەلایەن رووسیاوە داگیرکرا و ئێستا وەک ئیدارەیەکی سەربە رووسیا مامەڵە دەکات و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 2.4 ملیۆن کەسە.
لە شووباتی ساڵی 2022دا، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا بەدەیان هەزار سەرباز لە هەردوولا کوژراون، ناوچەیەکی زۆری ئۆکرانیاش کەوتووەتە بەردەستی رووسیا.